ئێران چونە دەرەوەی وڵاتی لە باوك و دایكی رامین حسێن پەناهی قەدەغەكرد
  2021-04-26       1090       

برایەكی رامین حسێن پەناهی، رایگەیاند، ئیتڵاعاتی ئێران بۆ ماوەی پێنج ساڵ چونەدەرەوەی وڵاتی لە دایك و باوكی قەدەغەكردوە.

ئاوێنە: ئەمجەد حسێن پەناهی، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"لە بەردەوامی گوشارەکانی سەر بنەماڵەكەم، بە بڕیاری وەزارەتی ئێتلاعاتی ئێران، دایک و باوکم بۆ ماوەی پێنج ساڵ ھاتنە دەرەوەیان لە ئێران لێ قەدەغە کراو ھەروەھا پاسپورتەکانیان لێ سەندنەوە."

ئەمجەد حسێن پەناهی ئاماژەی بەوەداوە كە ساڵی رابردو دەست بەسەر پاسپۆرتەكانی دایك و باوكیدا گیرابو، دوێنێ بۆ وەرگرتنەوەیان سەردانی فەرمانگەی پەیوەندیداریان كگردوەو لەوێ پێیان وتون كە بە فەرمانی فەرمانگەی ئیتڵاعاتی سنە، نەك تەنها پاسپۆرتەكانیان نادرێتەوە بەڵكو بەگوێرەی فەرمانە نوێیەكە، بۆ ماوەی پێنج ساڵ بۆیان نییە بچنە دەرەوەی ئێران.

رامین حوسێن پەناهی ڕۆژی 23ی حوزەیرانی 2017 لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەرکراو و لە ڕێکەوتی 25ی كانونی دوەمی 2018 لە حاڵێکدا کە تەنیا یەک دانیشتنی دادگاییەکەی بەڕیوەچوبو، لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە بەتۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەی و ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵە بڕیاری سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچو.

ئەو بەندکراوە سیاسییە ڕۆژی شەممە 8ی ئەیلولی 2018 لەگەڵ دو بەندکراوی دیكەی سیاسی کورد بە ناوەکانی لوقمان مورادی و زانیار مورادی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەج لە سێداره دران.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×