وەزیری‌ دەرەوەی‌ ئێران گەیشتە هەولێر
  2021-04-27       529       

محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرو بڕیارە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە. 
 
ئاوێنه‌: هه‌ریه‌ك له‌قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان‌و سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان‌و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لەفڕۆکەخانە پێشوازییان لەجەواد زەریف کرد. 

بڕیاره‌ محەمەد جەواد زەریف لەگەڵ هەریەک لەنێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان‌و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت‌و مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوەو تاوتوێی پرسە هەنوکەییەکان بکەن.

پێشتر سەفین دزەیی، بەرپرسی‌ فەرمانگەی‌ پەیوەندییەکانی‌ دەرەوەی‌ هەرێم بەتەلەفزیۆنی‌ فەرمی‌ پارتی‌ راگەیاندبو، "بەرپرسانی‌ هەرێم گفتوگۆی‌ چڕو پڕ لەگەڵ محەمەد جەواد زەریف دەکەن لەسەر چەندین پرس، هەروەها لەسەر ئەو پرسانەش کە رەنگە بیروبۆچونمان لەگەڵی‌ جیاوازبن".    

لەبارەی‌ هێرشەکانی‌ سەر فڕۆکەخانەی‌ هەولێرو دەنگۆی‌ ئەنجامدانی‌ لەلایەن گروپەکانی‌ سەر بەئێرانەوە، سەفین دزەیی وتی‌، "تا ئێستا پەنجەی‌ تۆمەتمان بۆ کەس درێژنەکردووەو لیژنەی‌ هاوبەش لەگەڵ بەغدا لەو بارەیەوە پێکهێنراوە، بەڵام بەداخەوە کاری‌ لیژنەکان ناگەنە ئەنجام".    

وتیشی‌، "بەداخەوە ئەگەر بەناڕاستەوخۆش بێت هەندێکجار لێدوانی‌ بەرپرسانی‌ فەرمی‌ یان نافەرمی‌ ئێران دەبیستین کە جێگەی‌ نیگەرانییە، لەکاتێکدا ئەوان شارەزای‌ واقیعی‌ هەرێم‌و عێراقن".    

سەفین دزەیی ئه‌وه‌شی‌ وت، "ئەو نیگەرانییانە دەگەیەنینە بەرپرسانی‌ ئێرانی‌ لەرێگەی‌ کونسوڵخانەکەیان لەهەرێم یان باڵیۆزخانەکەیان لەبەغداو نیگەرانییەکانییەکان گەیشتونەتە جێگەی‌ خۆیان".    

بەیانی ئەمڕۆ، محەمەد جەواد زەریف، بەیاوەری وه‌فدێک گەیشتە بەغداو لەلایەن فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق پێشوازی لێکرا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×