2021-04-27   456     
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە قسەکانی پزیشکێکی بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕهتدهكاتهوه سەبارەت بە "خراپیو گهندهڵییهكانی" کەرتی تەندروستی پارێزگاکەو ڕایگەیاند، "سەرجەم قسەکانی دورن لەڕاستییەوەو ئەو پزیشکە سکاڵای لەسەرەو دەیەوێت بەو ڕێگەیە هاوڵاتیان چەواشە بکات".
ئاوێنه: لەڕونکردنەوەیەکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە ڕایگەیاند، "لەچەند ڕۆژی ڕابردودا پزیشکێکی میلاکی بەرێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی ھەڵەبجە، ھەندێک لێدوانو زانیاری بڵاوکردوەتەوە لەپەیجو ئەکاونتو کەناڵەکانەوە، بەڵام بەهاوڵاتیانی ڕادەگەیەنین کە سەرجەمیان دورن لەڕاستییەوە."
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو کارە وەک کاردانەوەیەک دەیبینین بۆ ھەوڵدان بەمەبەستی چەواشەکردنی ڕای گشتی و بەلاڕێدانی ڕێرەوی لێکۆڵینەوه لەو سکاڵایانەی كە ئێمە كردومانە لەوەزارەتی تەندروستی و دادگای لێکۆڵینەوەی ھەڵەبجە كە دواتر لەسەر داوای پزیشكی شكاتلێكراو سكاڵاكانی گواستراونەتەوە بۆ دادگاكانی هەولێر."
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجە دهڵێت، "ئێستا لیژنەکان بەئەندام بونی داواكاری گشتی لەلێکۆلینەوەدان و لەئایندەیەکی نزیکدا ئەنجامی سکاڵاکان و ڕاستیەکان بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکەینەوە."
دکتۆرە باخان تاڵەبانی، پزیشک لەنەخۆشخانەی گشتی هەڵەبجە لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی کرد "دور لەدەستوەردانی حیزبی" بۆ لێکۆڵینەوە لەو "گەندەڵییانەی" لەتەندروستی هەڵەبجەدا دەکرێن.
باخان تاڵهبانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەڵەبجەدا بەرۆژنامەنوسانی وت، "لەنەخۆشخانەی حکومی لەکاتژمێر 08:00ی بەیانییەوە بەپارە نەشتەرگەری دەکرێت، لەکاتێکدا ئەو نەشتەرگەرییانەی پێویستە لەبەیانیاندا بکرێت، یان ئەوانەی فریاکەوتنن، ناکرێن."
وتیشی، "لە نەخۆشخانەی حکومی نەشتەرگەری بۆ خەڵک دەکرێت بەشێوەی نیمچە تایبەت پارە لەخەڵک وەردەگیرێت، بەبێ ئەوەی پزیشکی سڕکەریان لەگەڵ بێت، لەکاتێکدا بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی، دەبێت لەدوای دەوامی فەرمی نەشتەرگەری نیمچە تایبەت دەستپێبکات، بەڵام ئەمان لەکاتژمێر 8ی بەیانییەوە دەست بەئەنجامدانی نەشتەرگەری دەکەن بەپارە".
دكتۆرە باخان ئاماژە بەوە دەدات، "ئەگەر لەمانگێکدا بەبڕی 120 ملیۆن دینار نەشتەرگەری بکەن، لەناو وەزارەتدا وا پیشانی دەدەن کە بە بڕی 40 ملیۆن دینار نەشتەرگەری کراوە لەماوەی مانگێکدا، ئەوەندە ناوی نەخۆش و فایلەکان دەنێرن کە بڕەکەی بگاتە 40 ملیۆن، لەو بڕەش 10 ملیۆنی بۆ خەزێنەی حکومەت دەگەڕێتەوە و 30 ملیۆنیشی بۆ ئەو ستافە دەبێت کە نەشتەرگەرییەکەیان ئەنجامداوە، لە کاتێکدا ژمارە راستەقینەکە 110 بۆ 130 ملیۆن بووە."
بەوتەی ئەو پزیشکەی نەخۆشخانەی گشتی لەهەڵەبجە، "خەڵک خوێن دەبەخشێت، ئەوان بە پارە دەیفرۆشنەوە بە بڕی 45 هەزار دینار، دەرزییان لەنەخۆشانی کۆرۆنا داوە مۆری کواڵێتی کۆنترۆڵ و وەزارەتی تەندروستی لەسەر نەبووە. پسووڵەی بەتاڵیان لەو شوێنانە وەرگرتووە کە شتومەکیان لەلا کڕیون."
لهبهرامبهر قسهكانی دكتۆرە باخان، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووه كه "دوابەدوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆیەک لەسەر ڕەوشی تەندروستی پارێزگای هەڵەبجە، وەزارەتی تەندروستی بەبڕیاری وەزیری تەندروستی لیژنەیەک بۆ بەدواداچونی کێشەکان و ڕاستی و دروستی پیکهێنرا".