جەواد زەریف: سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ ئێران بایەخێكی تایبەتی هەیە
  2021-04-27       391       
به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوی‌ باره‌گای‌ بارزانی‌، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاندووه‌، سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی تایبەتی هەیە.

ئاوێنه‌: ئێواره‌ی‌ ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، محەممەد دجەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران وه‌فدی یاوەری به‌سه‌ردانێكی‌ ڕه‌سمی‌ گه‌یشته‌ هه‌ولێرو دواتر له‌گه‌ڵ مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان‌و مه‌سرور بارزانی‌، سه‌رۆكی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان كۆبوه‌وه‌.

باره‌گای‌ بارزانی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكی‌ له‌باره‌ی‌ ناوه‌ڕۆكی‌ كۆبونه‌وه‌كه‌ی‌ مەسعود بارزانی‌و محەممەد جەواد زەریف بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌به‌شێكیدا هاتووه‌، "لەدیدارەكەدا بارودۆخی سیاسیی ناوچەكەو دواپێشهاتەكانی ناو پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڕەشەو تەحەددیاتی بەردەم عێراق تاوتوێ كرا. هەروەها وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ڕایگەیاند كە سەقامگیریی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی بایەخێكی تایبەتی هەیە."

ئه‌وه‌ش هاتووه‌، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بیروڕا لەبارەی ڕێگەكان بۆ گەییشتن بەسەقامگیری و ئارامی عێراق و ناوچەكەو ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و توندڕۆیی ئاڵوگۆڕ كراو جەختیش لەپەیوەندییە مێژووییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران و پەرەپێدانی ئەو پەیوەندییانە كرایەوە.

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش كراوه‌ كه‌ ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدڕاڵ لەمەڕ ئاساییكردنەوەی بارودۆخی شنگال و، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەری دیكەی ئەو كۆبونەوەیە بون.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×