سەرۆکی حکومەتی هەرێم رایدەگەیەنێت ئەوان پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ تورکیادا هەیە و پەیوەندییەکانیان زیاتر پەرەپێدەدەن لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، دەشڵێت، "کێشەی پەکەکە کێشەیەکی ناوخۆی تورکیایە و نابێت پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بێت".
ئاوێنه: لەمبارەیەوە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی جەزیرە رایگەیاندووە: رێککەوتنی شەنگال رێککەوتنێکی باش بوو لە نێوان هەولێر و بەغدا، هیواخوازن وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت و گروپە نایاساییەکان لەو ناوچەیە دەربکرێن.
وتویەتیشی: "ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە، کە داوا لە پەکەکە بکەین هەرێمەکەمان بەجێبھێڵن و رێز لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بگرن"
ناوبراو ئاماژەی بەوەشکردووە: "کێشەی پەکەکە کێشەی ناوخۆی تورکیایە و هێنرایە نێو خاکی هەرێمەکەمانەوە، ئەوە کێشەی نێوان پەکەکە و تورکیایە، نە کێشەی عێراق و نە کێشەی ئێمەیە".
دەشڵێت، "پەکەکە سەرقاڵی ئێمەی بە شەڕی داعشەوە قۆستەوە و هاتە ئەو ناوچانەوە، لەو رێگاشەوە هەوڵیدا هەژموونی خۆی فراوانتر بکات، بەتایبەتی لە رووی سەربازییەوە لەو ناوچانە".
لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، مەسرور بارزانی بۆ كەناڵی جەزیرە لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم وبەغداوە باسی لەوەکردووە، لە دوای پەسەندکردنی یاسای بودجە، پەیوەندییەکانى هەرێم و بەغدا باشتر بوون، بەڵام لەرووی پڕاکتیکی و كردەییەوە هێشتا هیچ کارێک نەکراوە.
ئەوەشی خستوەتەڕوو، هێشتا چاوەڕێی سەرۆک وەزیران و حکومەتی عێراقی دەکەن بەشە بودجەی هەرێم ڕەوانە بکەن، دەشڵێت، "ئێستا لە مانگی نیسانداین، بەڵام بۆ ماوەی ١٠ مانگ دەبێت بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی ڕەوانە نەکردووە".