بەرهەم ساڵح سەردانی هەولێر دەکات
  2021-04-28       423       

بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق ئێوارەی ئەمڕۆ سەردانی هەولێر دەکات و چەندین دیداری گرنگ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان ئەنجامدەدات و نەخشەرێگای بەهێزبونی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکات.

ئاوێنه‌:  ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە  بەرهەم سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی دیکەی هەرێم کۆدەبێتەوە و نەخشەرێگای بەهێزبونی پێگەی کورد و هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکە لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم تاوتوێ دەکات، هاوکات باس لە خۆئامادەکاریەکان بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی پەرلەمانی عێراق دەکرێت.

بەرهەم سالح دەستیکردوە بەهەوڵیکی نوێ بەئاراستەی یەکخستنی وتاری هێزو لایەنە سیاسیەکان‌و دامەزراوە فەرمیەکانی هەرێم بەئامانجی پێکەوە ڕووبەڕوبونەوەی هەر ئەگەرێک کە لەداهاتودا ڕوو لەهەرێم بکات‌و ئامادەکاریى بۆ هەڵبژاردنی داهاتوی عێراق بەمەبەستی پاراستنی پێگەی کورد بەبەهێزی‌و دوور لەپەرتبوون.

بەشێکی تری دیدارەکەی سەرۆک کۆمار لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم باسکردن دەبێت لەسەر ڕێگریى لەو مەترسیانەی کە لەسەر هەرێم هەن‌و چۆنێتی ڕوبەڕووبونەوەیان، بەتایبەت دوای ئەو هێرشە موشەکیانەی کە چەندجارێک هەولێری پایتەختی کردۆتە ئامانج.

سەردانەکەی سەرۆک بەرهەم بۆ هەولێر لەکاتێکدایە دوێنێ محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە هەولێری پایتەخت و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم کۆبوەوە، رۆژێک پێشتریش لە بەغدا، زەریف چوە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆمار و لەگەڵ سەرۆک بەرهەم و پاشان لەگەڵ مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکەی عێراق کۆبوەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×