حكومەتی هەرێم زیاتر لە 24 ملیار دینار بۆ پڕۆژەكانی سلێمانی تەرخان دەكات
  2021-04-28       277       


وەزارەتی دارایی بەنوسراوێك ڕەزامەندیی نیشاندا به‌خەرجکردنی نەختینەی هەموو ئەو بڕە بودجە دیاریکراوانەی ڕەزامەندییان لەسەردرابوو، هاوكات پارێزگاى سلێمانیش ئاشكرایده‌كات، به‌فه‌رمانى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانى هه‌رێم زیاتر له‌24 ملیار دینار بۆ تەواوکردنی ژماره‌یه‌كى زۆر پڕۆژه‌ى خزمه‌تگوزارى بۆ پارێزگاى سلێمانى ته‌رخانكراوه‌.

د.هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگارى سلێمانى له‌فه‌یسبوكى خۆى ئاشكرایكردوه‌، دوای ڕاوێژو کۆبونەوەی پارێزگاری سلێمانی لەگەڵ سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی؛ لەسەر داخوازیی پارێزگای سلێمانی بەنوسراوی ژمارە (7931) لە29ى 11ى 2020دا بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران بەنوسراوی ژمارە(2557) لە25ى 2ى 2021، ڕەزامەندیی درا، لەسەر خەرجکردنی بڕی 24 ملیارو 318 ملیۆن دینار.

وه‌كو پارێزگارى سلێمانى ئاماژه‌ى پێكردوه‌، "ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ بۆ تەواوکردنی 22 پڕۆژەی خزمەتگوزاریی پێویست‌و جێبەجێکردنی چوار پڕۆژەی ستراتیژی نوێ بۆ سنوری یەکە کارگێڕییەکانی پارێزگای سلێمانی ده‌بێت".

هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شى باسكرد، "وەزارەتی دارایی بەنوسراویان ژمارە 5/11/3023 له‌25ى 4ى 2021دا ڕەزامەندیی خەرجکردنی نەختینەی هەموو ئەو بڕە بودجە دیاریکراوانەی ڕەزامەندییان لەسەر درابوو؛ پەسەندکرد".

له‌و ڕوه‌شه‌وه‌ د.هه‌ڤاڵ جه‌ختیكردۆته‌وه‌، "ئەم هەنگاوە، هەنگاوێکی گرنگ‌و شایستەیە بەئاراستەی دەستپێکردنەوەی پڕۆژە وەستاوەکان‌و جێبەجێکردنی پڕۆژەی نوێ لەپێناوی خزمەتکردنی زیاتری هاوڵاتیان‌و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان‌و دروستکردنی دەرفەتی کارو بوژانەوە لەهەموو ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستاندا".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×