ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم پێنج پڕۆژە یاسای پەسەند کرد
  2021-04-28       337       

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆیدا پێنج پڕۆژە یاسای پەسەندكرد بڕیاریدا بە رەوانەكردنیان بۆ پەرلەمان بەمەبەستی تەشریعکردنیان. یەكێك لە پڕۆژەیاساكان بریتییە لە پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/4/28 مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبونەوەکەدا، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابوری و دارا ڕەشید وەزیری پلاندان ڕاپۆرتێکیان تایبەت بە دوا ژمارەکانی پڕۆژە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2021  خستەڕو.

ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریدا لیژنەیەک پێکبهێنرێت بۆ ئەوەی تێبینی و پێشنیارەکانی ئەنجومەن لە ناو پڕۆژە یاساکە جێگیر بکرێن و دواتر ئامادەبکرێت بۆ پەسەندکردنی کۆتایی ئەنجومەنی وەزیران و دواتر ڕەوانەی پەرلەمان بکرێت.

لە بڕگەی دوەمی کارنامەی کۆبونەوەکە، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران دەرئەنجامی کۆبونەوەی تایبەت بە ڕوبەڕوبونەوەی وشکەساڵی خستەڕو کە تیایدا وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان پێشنیارو پلان و کاری لە پێشینەی خۆیان پێشکەش کردوەو وا بڕیارە لە‌ھە‌فتە‌ی داھاتو، پلانی سەرتاسەری بۆ ڕوبە‌ڕوبونە‌وە‌ی وشكە‌ساڵی ئامادە‌ بێت تا لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەندبکرێت و لە نزیکترین دەرفەتدا بکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

لە بڕگەی کۆتایی کارنامەی کۆبونەوەکەدا ئەنجومەنی وەزیران پێنج پڕۆژە یاسای پەسەندکرد کە بریتی بون لە: ( پڕۆژە یاسای دادگای تاوانکاری تایبەتمەند بە تاوانەکانی داعش لە هەرێمی کوردستان-عێراق)و (پڕۆژە یاسای بەرکارکردن و هەمواری پیادەکردنی یاسای وەبەرهێنانی پیشەسازی هەردو کەرتی تایبەت و تێکەڵاو ژمارە(20)ی ساڵی 1998ی هەموارکراو لە هەرێمی کوردستان-عێراق)و (پڕۆژە یاسای هەموارکردنی یاساکانی یەکێتی ژورەکانی بازرگانی و پیشەسازی، یاسای وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، یاسای بازرگانی)و بڕیاردرا ئەم پڕۆژە یاسایانە ڕەوانەی پەرلەمان بکرێن بۆ تەشریعکردنیان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×