میترۆ: هەڕەشەی شاربەدەركردن و رێگری لە رۆژنامەنوسان رەتدەكەینەوە
  2021-04-28       280       

سەنتەری میترۆ بە توندی ئیدانەی هەڵسوكەوتی مەفرەزەیەكی ئاسایشی كۆیەو هەروەها پاسەوانی پەرلەمانی كوردستان دەكات كە لە دو كاتی جیادا لە قەزای كۆیەو شاری هەولێر رویاندا، و داوا دەكات دەزگا بەرپرسەكان لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكەن.

ئاوێنە: سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكیكردن لە مافی رۆژنامەنوسان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، دوێنێ لەكاتی روماڵی روداوێكی  هاتوچۆ، لەلایەن ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێر- كۆیە ڕێگری لە خالید محەمەد، پەیامنێری كەناڵی NRT  و هەژار رەشید، پەیامنێری رۆژنیوز و كەی ئێن ئێن، كرا.

بەپێی لێدوانی ئەو دو رۆژنامەنوسە بۆ میترۆ، سوكایەتی بە هەردوكیان كراوەو لێیان دراوەو كەلوپەلە رۆژنامەوانییەكانیان دەستی بەسەردا گیراوەو، دو كاتژمێر دەستبەسەر كراون.
میترۆ ئەوەی خستۆتەڕو"بەمەشەوە نەوەستاون دواتر پێیان وتراوە:  ئەگەر ئەم بابەتە بگەیەننە دەرەوە لە كۆیە شاربەدەریان دەكەین."

سەنتەری میترۆ لەبەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە لە بەردەم بینای پەرلەمانی كوردستان رێگری لە روماڵی هەردو كەناڵی ئێن ئاڕ تی و ئاژانسی وڵات كراو مامەڵەیەكی توندییان بەرامبەر كرا.

سەنتەری میترۆ بەتوندی ئیدانەی هەڵسوكەوتی ئەو مەفرەزەیەی ئاسایشی كۆیەو  پاسەوانی پەرلەمانی كوردستان كردوە كە لە دو كاتی جیادا لە قەزای كۆیەو شاری هەولێر رویانداوە، داواشی كردوە دەزگا بەرپرسەكان لێپێچینەوەی یاساییان لەگەڵدا بكەن.

میترۆ جەختی كردۆتەوە كە هەڕەشەی "شاربەدەركردن" بەكارهێنانی زەبروزەنگ و تۆقاندن و رێگری بەرامبەر بە رۆژنامەنوسان ئەوەندەی تر ناوبانگی هەرێمی كوردستان لە بواری ئازادی راگەیاندن لەكەدار دەكات و میدیاكاران سورتر دەبن لە گەیاندنی پەیامەكانیان.

وتوشیەتی"لێدانی رۆژنامەنوس بە بەرچاوی دەیان كەس لە شاری كۆیە و پاشان هەڕەشەكردن بە دەركردنیان لەشارەكە ئەگەر باسی روداوەكە بكەن، دەبێت دەزگا بەرپرسەكان بجوڵێنێ و رونكردنەوە بۆ رای گشتی بدەن."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "رۆژنامەنوسانی كوردستان لەهەمو كات زیاتر پێویستیان بەڕەخساندنی ژینگەیەكی ئارام و هاندەر بۆ كارەكانیان هەیە، ژینگەیەك زامنی ئازادی رادەربڕین و گەیشتن بەسەرچاوەكانی زانیاری بكات، تابتوانن زانیاری بۆ خەڵك بگوازنەوەو ببنە هاوبەش لە پرۆسەی بەرەنگاربوونەوەی دیاردەی گەندەڵی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×