هەر سێ رۆژی جەژنی رەمەزان قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت لە هەرێمی كوردستان
  2021-04-28       584       

وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنادا بڕیاردراوە رێكارەكانی پێشو لە پەیوەست بە خوێندن بەردەوام بن و بڕیاریش دراوە لە هەر سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری رابگەیەنرێت.

ئاوێنە: جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەكۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی كۆرۆنا بڕیاردراوە بە بەردەمیدان بە جێبەجێكردنی رێكارەكانی پێشوی تایبەت بە پڕۆسەی خوێندن لەسەر ئاستی وەزارەتی پەروەردەو وەزارەتی خوێندنی باڵا.

وتیشی"نیگەرانین لەوەی چارەنوسی خوێندن چۆن دەبێت بۆ ئەمساڵ، بۆیە بۆ پاراستنی ئەمساڵی خوێندن و نەفەوتانی، حكومەت دەستكراوە دەبێت لەوەی هەر رێكارێك بگرێتەبەر بۆ بەردەوامی پڕۆسەكە."

هەروەها ئەوەشی خستەڕو"بڕیارماندا لە هەر سێ رۆژی جەژنی رەمەزاندا قەدەغەی هاتوچۆی سەرتاسەری رابگەیەنین لە هەرێمی كوردستان بۆ پاراستنی ژیانی هاوڵاتیان."

سەبارەت رێكارەكانی خوێندن بەو جۆرەی ئێستا تا كەی بەردەوام دەبن، جوتیار عادل وتی"ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی دەكەین لە دو هەفتەی داهاتودا بزانین دۆخەكە چۆن دەبێت و لەسەر ئەو بنەمایە ئەوەی پێویستە لەچوارچێوەی دەستپێكردنەوەی پڕۆسەی خوێندن بڕیاری لێ دەدەین، دەبێت رێز لە راپۆرتی وەزارەتی تەندروستی بگرین، ئەگەرنا ئێمە لەگەڵ ئەو ئاڕاستەیەین كە دەرگای قوتابخانەكان لەدوای جەژن بكرێنەوە، بەڵام ئێمە تاوەكو هەڵسەنگاندنمان بۆ نەیەت و نەزانین دۆخەكە چۆنە، ناتوانین بڕیار لەمبارەیەوە بدەین لە ئێستادا."

سەبارەت بە وردەكاری قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژندا، جوتیار عادل وتی"وردەكاری رێكارەكانی قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەسەرتاسەری هەرێم لە رۆژانی جەژندا، ئەمە دەهێڵینەوە بۆ وەزارەتی ناوخۆ، ئەوان رێكاری گونجاو لەوبارەوە دەگرنەبەر، ئەگەر نا ئێمە بڕیارمانداوە قەدەغەی هاتوچۆ لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستاندا بۆ هەر سێ رۆژی جەژنی رەمەزان بگەیەنین و بڕیارەكەش دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×