وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە رونكردنەوە دەربارەی پڕۆژەی رێگای كەلار-سلێمانی دەدات
  2021-04-28       425       

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حكومەتی هەرێم رایگەیاند، بە نوسراوی رەسمی داوای زیاتر لە 70 ملیار دیناری دیكەیان كردوە بۆ تەواوكردنی پڕۆژەی رێگای كەلار-سلێمانی و وەزیری ئاوەدانكردنەوەش دڵنیایی داوەتە بەڵیندەر كە بەمنزیكانە تەرخانكراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەكە دەستنیشان دەكرێت.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا سەبارەت بە پڕۆژەی رێگای (کەلار- سلێمانی) رایگەیاندوە"لەماوەی تەنها ساڵ و نیوێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، بەهۆی بەهەندوەرگرتن و گرنگیپێدانی پڕۆژەکە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بڕی (55) ملیارو (419) ملیۆن و (842) هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوەو رێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە (53٪)."

ئاماژەی بەوەشداوە كە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەنوسراوی رەسمی داوای زیاتر لە (70) ملیار دیناری دیکەی کردوە بۆ بەڵێندەرو تەواوکردنی پڕۆژەکە، هاوکات وەزیری ئاوەدانکردنەوە دڵنیایی داوەتە بەڵێندەر کە بەمنزیکانە تەرخانکراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەکە دەستنیشان دەکرێت.

دەقی رونكردنەوەكە...

رونکردنەوەیەک سەبارەت بە پڕۆژەی رێگای (کەلار-سلێمانی)

پڕۆژەی رێگای (کەلار-سلێمانی) کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن جێبەجێ دەکرێت، لە رۆژی 19/12/2017 و لەسەردەمی کابینەی پێشوی حکومەت دەستکراوە بەکارکردن تیایدا.

هەرچەندە لەکابینەی پێشودا تەنها یەک پێشینەی بۆ تەرخانکرا کە بڕەکەی تەنها شەش ملیارو (934)ملیۆن و (260)هەزار دینار بو، بەڵام لەماوەی تەنها ساڵ و نیوێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا، بەهۆی بەهەند وەرگرتن و گرنگیپێدانی پڕۆژەکە لەلایەن وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، بڕی (55) ملیارو (419) ملیۆن و (842) هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوەو رێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە (53٪).

سەرباری تەواونەکردنی پڕۆژەکە لەکابینەی پێشودا، بەڵام دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەردەوام جەخت لەسەر زو تەواوکردنی پڕۆژەی رێگای (کەلار- سلێمانی) دەکاتەوە، لەو سۆنگەیەوە لەماوەی تەمەنی ئەم کابینەیەدا پێنج جار بەشێوەیەکی مەیدانی ئەم پرۆژەیەو پرۆژەکانی وەزارەتی لە سنورەکە بەسەر کردوەتەوە، لە چۆنێتی بەڕێوەچونی پڕۆژەکانی کۆڵیوەتەوەو بەدواداچونی بۆ کردوە، لەپێناو خزمەتکردن بەهاوڵاتیان و دابینکردنی رێگایەکی سەلامەت بۆیان، ئەمە جگەلەوەی بەنوسراوی فەرمی داوای زیاتر لە (70)ملیار دیناری دیکەی کردوە بۆ بەڵێندەرو تەواوکردنی پڕۆژەکە، هاوکات وەزیری ئاوەدانکردنەوە دڵنیایی داوەتە بەڵێندەر کە بەمنزیکانە تەرخانکراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەکە دەستنیشان دەکرێت.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن
٢٠٢١/٤/٢٨


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×