به‌رهه‌م ساڵح لەگەڵ مه‌سرور بارزانی كۆبووەوە
  2021-04-29       368       

لە هەولێر، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە، دۆخی ناوچەكە و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد تاوتوێكران.

ئاوێنه‌: لە چوارچێوەی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

كۆبوونەوەكانی سەرۆك كۆمار لە هەولێر بەمەبەستی تاوتوێكردنی دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكان و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستانە.

بەر لەو كۆبوونەوەیە، بەرهەم ساڵح، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێك، كە لەلایەن بارەگای بارزانی-یەوە بڵاوكراوەتەوە، هاتووە، كە لە كۆبونەوەكەدا دوایین گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسییەكانی گۆڕەپانی عێراق تاوتوێكرا و بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوو و تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق ئاڵوگۆڕ كرا.

ڕاشگەیەندراوە، “هەر لەو دانیشتنەدا ڕۆشنایی خرایەسەر پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغداد، چارەسەربوونی كێشەكان و هەماهەنگیی نێوانیان، وەك فاكتەرێك بۆ سەقامگیریی و بووژانەوەی سەرجەم بەشەكانی عێراق لە قەڵەمدرا”.

“بارودۆخی سیاسیی هەرێم و پەیوەندیی نێوان لایەنەكانی هەرێم، تەوەرێكی تری ئەو دانیشتنە بوو”، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×