ئابوریناسان رەخنە لە قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژندا دەگرن
  2021-04-29       600       
سەندیكای ئابوریناسان رەخنە لە قەدەغەی هاتوچۆ لە رۆژانی جەژندا دەگرێت و جەختلەوەدەكاتەوە: لە دەركردنی ئەو بڕیارە  وەكو پێویست رەچاوی لایەنی ئابووری نەكراوە و بازرگانان كاڵایەكی زۆریان كڕیوە.

ئاوێنه‌: شەمال نوری ئەندامی ئەنجومەنی سەندیكای ئابوریناسانی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی وتوە: بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ لە 3 رۆژی چەژن زیانێكی گەورە بە كاسبكاران ‌و بازرگانان دەگەیەنێت، بەو پێیەی بازرگانان و دوكانداران كەلوپەلێكی زۆریان كڕیوە بۆ ئەوەی لە رۆژانی جەژن  بیفرۆشن.

ئاماژەی بەوەشداوە: بەهۆی ئەو بڕیارە سەرجەم خەرجیەكان دادەبەزن و خەڵكی دەست هەڵدەگرێت لەكڕینی شتومەك، بەمەش زیانێكی زۆر بەر كاسبكاران و پیشەوەران دەكەوێت، بۆیە دەبو پێش دەكردنی بڕیارێكی لەو جۆرە هەڵسەنگاندنی زیاتر بۆ بارودۆخە بكرێت.

ئەندامەكەی ئەنجومەنی سەندیكای ئابوریناسان دەشڵێت: راستە كۆرۆنا مەترسیە بۆ سەر  تەندروستی مرۆڤ بەڵام لایەنە ئابوریەكەش گرنگە، بەتایبەتی هەرێمی كوردستان توانای هاوشێوەی وڵاتانی نیە بۆئەی لە كاتی بێكاری و رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆ هاوكاری خەڵك بكات، دەبوو  قەدەغەی هاتوچۆ لە دوای سێ رۆژی جەژن رابگەیەندرێت، چونكە ئەو قەرەباڵغیەی لیژنەی باڵای روبەروبونەوەی كۆرۆنا لێی دەترسێت ئێستاش هەیە، كەواتە پرسیاری زۆربەی خەڵكی بەتایبەت كاسبكاران ئەوەیە بۆچی تەنیا ئەو قەدەغەی  لە رۆژانی جەژن جێبەجێ بكرێت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×