نێچیرڤان بارزانی و بەرهەم ساڵح جەخت لە تێپەڕاندنی ناكۆكی نێوان لایەنەكان دەكەنەوە
  2021-04-29       330       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەكۆبونەوەیەكی نێوانیاندا جەختیان لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆو لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کردەوە.

ئاوێنە: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق کرد.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە كە جێگرانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئامادەی بون، لە كۆبونەوەكەدا دوا گۆڕانکارییە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان تاوتوێ کران، بەتایبەتی هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و چۆنیەتیی زەمینەخۆشکردن لەبەردەم پرۆسەکەدا کە خزمەتی بەرژەوەندیی هاوبەشی گەل و هەمو پێکهاتەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە بکات.

لە کۆبونەوەکەدا داکۆکی لە پێویستیی تێپەڕاندنی ناکۆکی و ململانێکان و گفتوگۆو لێکگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا کرایەوەو بەگرنگییەوە باس لەدوایین سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداو کۆبونەوەی لەگەڵ سەرکردەو لایەنە عیراقییەکان کرا.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ دەربارەی هێنانەدی یەکڕیزیی نیشتمانی و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچونەکان کرا بە ئاڕاستەی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و یەکخستنی هێزو تواناکان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ئەگەرو پێشهاتەکان.

تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە بەگشتی تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکە بو، تیایدا جەخت لەوە کرایەوە کە ناسەقامگیریی دۆخی سیاسی و ئەمنی، خزمەت بە بەرژەوەندیی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە ناکات.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×