عێراق لە دەرەوەی پۆلینی جیهانییە بۆ پەروەردەو خوێندن
  2021-04-29       726       

كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ئاشكرایكرد، عێراق لە پۆلینی جیهانی بۆ خوێندن و فێركردن كراوەتە دەرەوەو ئەوەش ئاماژەیەكە بۆ شكستی سیستمی پەروەردەو فێركردن و پاشەكشەیە لە ئاستی خوێندن.

ئاوێنە: كۆمسیۆنی باڵای مافەكانی مرۆڤ لە بەیاننامەیەكدا ئاماژەی بەوەشداوە كە بونی عێراق لەنێو ئەو وڵاتانەی لە دەرەوەی پۆلینە جیهانییەكەدان بۆ خوێندن و فێركردن، كێشەیەكی گەورەی سیستمی فێركردنی نیشتمانییەو دەریشیدەخات كە پێویستییەكی بەرچاو هەیە بۆ پێداچونەوەی ستراتیژی خوێندنی نیشتمانی لەسەر هەمو ئاستەكان.

كۆمسیۆنەكە سیاسەتەكانی پەروەردە و فێركردن، لاوازی پڕۆگرامەكانی خوێندن، بونی ژمارەیەكی زۆر لە لایەنی دەستتێوەردەر لە پڕۆسەكەدا، بونی قەیرانی كۆمەڵایەتی و سیاسی، نەبونی ژینگەیەكی تەندروست و بایەخنەدانی حكومەت بە پرۆسەی پەروەردەو فێركردنی بەو هۆكارانە زانیون كە ئاستی پەروەردەو فێركردنیان لە عێراق هێناوەتە خوارەوە.

داواشی لە حكومەت كردوە پێداچونەوە بە سیاسەت و پلان و بەرنامەكانیدا بۆ پڕۆسەی خوێندن و پەروردە بكاتەوە.

لەگەڵ بەیاننامەكەیدا كۆمسیۆنەكە بەمجۆرە ئاستی وڵاتانی عەرەبی لە پۆلینی جیهانیدا بۆ پەروەردەو فێركردن خستۆتەڕو كە تێیدا عێراق لە پاڵ پێنج وڵاتی دیكەی عەرەبیدا لە دەرەوەی پۆلینەكەدان و وڵاتی قەتەریش لەڕوی كوالێتی خوێندنەوە لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی بەپلەی یەكەم دێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×