ئێران پێشوازی لە "گۆڕان لە هەڵوێستی سعودیەدا" دەكات
  2021-04-29       462       

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی لە لێدوانەكانی رۆژی سێشەممەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە دەكات كە وتبوی، ریاز دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ تاران هەبێت.

ئاوێنە: بەپێی میدیای رەسمی ئێران، سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزاتی دەرەوەی ئەو وڵاتە، لەبارەی لێدوانەكانی ئەم دواییەی محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیەوە رایگەیاندوە، بە دیدگای بونیادنەرو گرتنەبەری گفتوگۆ، ئێران و سعودیە كە دو وڵاتانی گرنگی ناوچەكەو جیهانی ئیسلامین، دەتوانن بە وەلانانی ناكۆكییەكانیان، بچنە نێو وەرزێكی نوێی پەیوەندی و هاریكاری لەپێناو گەیشتن بە ئاشتی و سەقامگیری و بەرەپێشچونی ناوچەكە.

خەتیب زادە ئەوەشی خستۆتەڕو، كۆماری ئیسلامی ئێران بە كۆمەڵێك پێشنیارەوە بۆ گفتوگۆ و هاریكاری لەناوچەی كەنداودا، پێشڕەو بوە بە ئاڕاستەی هاریكاری لە ناوچەكەداو پێشوازیش لە گۆڕانی هەڵوێستی سعودیە دەكات.

محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە، لە چاوپێكەوتنێكدا كە درەنگانی شەوی سێشەممەی ئەم هەفتەیە پەخشكرا، وێڕای دوپاتكردنەوەی ئەوەی كە وڵاتەكەی كێشەی لەگەڵ "رەفتاری نەرێنی" ئێراندا هەیە، وتبوی، سعودیە دەیەوێت پەیوەندییەكی باشی لەگەڵ ئێراندا هەبێت.

محەمەد بن سەلمان وتبوشی"نامانەوێت ئێران لە دۆخێكی دژواردا بێت، بەپێچەوانەوە دەمانەوێت ئێران پێشبكەوێت و گەشە بكات. ئێمە بەرژەوەندیمان لە ئێران هەیە، ئەوانیش بەرژەوەندییان لە سعودیە هەیە لەپێناو ئاڕاستەكردنی ناوچەكەو جیهان بەرەو گەشەو پێشكەوتن."

لێدوانەكانی ئەم هەفتەیەی محەمەد بن سەلمان، تەواو جیاوازن لە لێدوانەكانی پێشوی لەبارەی ئێرانەوە، ئەو لە ساڵی 2017، دوای ئەوەی بوە شازادەی جێنشین، ئایەتوڵا عەلی خامەنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی بە "هیتلەری نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناوبردبو.

ئەم بەرەوپێشچونەی نێوان سعودیەو ئێران دوای ئەوە دێن كە لەماوەی رابردودا میدیا جیهانییەكان بڵاویان كردەوە، وەفدی باڵای ئەو دو وڵاتە لە بەغدا كۆبونەتەوەو بڕیارە كۆبونەوەی دیكەش ئەنجام بدەن.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
ناوى ئه‌و كۆمپانیا ئه‌مریكیانه‌ ئاشكراده‌كرێت كه‌ عێراق گرێبه‌ستى له‌گه‌ڵ كردون
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×