فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا: بەم زوانە عێراق جێناهێڵێن
  2021-04-30       221       

جەنەڕاڵ كینیز ماكێنزی، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا، ئایندەی هێزەكانی وڵاتەكەی لە عێراق بەندە بە گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و بەغداوەو دەشڵێت: پێموایە بەم زوانە عێراق جێناهێڵێن.

ئاوێنە: جەنەراڵ كینیز ماكێنزی، لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی "ئەلحوڕە" رایگەیاند، هێزەكانی ئێمە لەسەر داوای حكومەتی عێراق لەو وڵاتەن و بەردەوام لە شەڕی دژبە داعش بە هاوكاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و ئەو شەڕەش هێشتا كۆتایی نەهاتوە.

فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی ئەمریكا راشیگەیاند، ئەركی ئێمە لە عێراق لە شەڕی راستەوخۆوە گۆڕاوە بۆ پشتیوانی و مەشقپێكردنی زیاتری هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی ئێمە دورن لە شەڕ لەسەر زەوی.

ماكێنزی ئاماژەی بەوەشدا كە گفتوگۆكانی نێوان واشنتۆن و بەغدا ئایندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دیاری دەكات و وتیشی"پێموایە بەم زوانە عێراق جێناهێڵین."

هەروەها لەبارەی رۆڵی حكومەتی عێراق بۆ پاراستنی هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانان لە هێرشەكان، وتی، من دڵخۆشم بەوەی هێزە ئەمنییەكانی عێراق چالاكن و پارێزگاری لە هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكەن لەبەرامبەر هێرشەكان، ئەمەش بەرپرسیارێتی حكومەتی عێراقەو، دڵخۆشم كە ئەم بەرپرسیارێتییە بەسەركەوتویی جێبەجێ دەكات هەرچەندە هەمیشە سەركەوتو نییە لەوەدا.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا ماكێنزی رایگەیاند، میلیشیاكانی لایەنگری ئێران لە عێراق هەڕەشەن بۆ سەر سەروەری ئەو وڵاتەو لەپاڵ ئەوەی هەڕەشن بۆ سەر هێزەكانی ئەمریكا هەڕەشەشن بۆ سەر عێراق خۆی.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×