وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەربارەی قەدەغەی هاتوچۆ و كردنەوەی خوێندنگەكان بڕیاریدا
  2021-04-30       899       

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، لە رۆژانی جەژنی رەمەزاندا لە سەرجەم پارێزگاو ئیدارە سەربەخۆكان قەدەغەی هاتوچۆ دەبێت و دوای جەژنیش دەرگای قوتابخانەو پەیمانگاكانی سەربە وەزارەتی پەروەردە دەكرێنەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا چەند بڕیارێكی نوێی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنای خستەڕو.

دەقی بڕیارەكان پێكدێن لە:

یەكەم: كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و پەیمانگەکانی وەزارەتی پەروەردە لەپاش جەژنی رەمەزانی پیرۆز دوای هەڵسەنگانی بارودۆخی تەندروستی و راددەی كاریگەریی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

دوەم: راگرتنی هاتوچۆ لە تەواوی پارێزگاكانی (هەولێرو سلێمانی و دهوك و هەڵەبجە) و ئیدارە سەربەخۆكانی (راپەرین و  گەرمیان) و، گشت یەكە كارگێڕییەكانیان لە سەعات 12:00ی شەوی كۆتا رۆژی مانگی رەمەزانی پیرۆز تاوەکو سەعات 12:00ی شەوی سێیەم رۆژی جەژن.

سێیەم: قەدەغەی گەشتكردن بۆ وڵاتی (هیندستان) بۆ هاوڵاتییانی عێراقی و قەدەغەی هاتن لە وڵاتی (هیندستان) بۆ كەسی بیانی لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان ئەوانەی لەدوای 20-04-2021 سەردانی ئەو وڵاتەیان كردوەو ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی كە لە وڵاتی (هیندستان) دەگەڕێنەوە لەڕێگەی دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستان، پێویستە لە خاڵە سنورییەكان جیابكرێنەوەو پشكنینی وردیان بۆ بكرێت لەلایەن تیمە پزیشكییەكانی وەزارەتی تەندروستی بەمەبەستی دڵنیابون لە توشنەبونیان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەرەنتین دەكرێن بۆ ئەو ماوەیەی كە وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانی كردوە.

چوارەم: لیژنەی باڵا، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە دەركردنی رێنمایی تایبەت سەبارەت بە 10 رۆژی كۆتایی مانگی رەمەزانی پیرۆز و رێوڕەسمەكانی ئایینی لە مزگەوتەكان.

پێنجەم: یانە و كافتریا و رێستۆرانت و شوێنی یارییەكان نابێت خزمەتگوزاریی نێرگەلەكێشان پێشكێش بكەن و هەر شوێنێك پابەندنەبێت بۆ ماوەی (1) یەك هەفتە دادەخرێت و خاوەنەكەی بە بڕی (5.000.000) پێنج ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ دەدرێت.

شەشەم: بەردەوامبونی رێكارەكانی بەیانی ژمارە (15)ی ساڵی 2021 ماددەكانی (چوارەم، پێنجەم، شەشەم، حەوتەم، نۆیەم، دەیەم، یانزدەیەم، دوانزدەیەم، سیانزدەیەم، چواردەیەم و پانزدەیەم).

حەوتەم: لە پاش مانگی رەمەزانی پیرۆز لیژنەی باڵای بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆدەبێتەوە بەمەبەستی بڕیاردان لەسەر چەند رێكارێكی خۆپارێزی و رێكخستن و داخستنی چەند شوێنی گشتی و تایبەت لەپێناو كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و درێژەدان بە پرۆسەی خوێندن و پەروەردە.

هەشتەم: ئەم بەیانە لە 01-05-2021 سەعات (08:00)ی شەو جێبەجێ دەكرێت و لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

 

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×