وردەكاری هێرشی داعش بۆ سەر هێزەكانی پێشمەرگە
  2021-05-01       739       

شەوی رابردو لە سنوری پردێ و لەنزیک گوندی قایەباشی، چەکدارانی داعش هێرشیان کردوەتە سەر خاڵێکی پێشمەرگەو روبەڕوبونەوە دروستبوە. نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای کەرکوکی پێشمەرگە رایگەیاند، سێ پێشمەرگە شەهیدبون کە یەکێکیان نەقیبەو دوانیش برینداربون.

ئاوێنە: نوری حەمە عەلی، فەرماندەی میحوەری رۆژئاوای كەركوك، بە روداوی راگەیاند، چەكدارانی داعش بە ھاوەن، بیکەیسی و کڵاشینکۆڤ ھێرشیانکردوەتە سەر پێشمەرگە، بەڵام هێرشەکە تێکشکێندراوە.

نوری حەمە عەلی وتیشی، هێرشەکە سەعات 12:30 خولەکی شەو بوە، هێرشەکە تێکشکێندراوە، چەکدارەکانیش لەو بۆشاییە ئەمنییەوە دزەیان کردوە کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا هەیە.

نوری حەمە عەلی پشتڕاستی کردەوە کە نەقیبێکی پێشمەرگە شەهید بوە. بەڵام رەتیکردەوە هیچ پێشمەرگەیەک بەدیل گیرابێت.

ئەو نەقیبەی شەهیدبوە ناوی پشتیوان قەرەنییەو لەدایکبوی ساڵی 1980 یە. باوکی سێ منداڵە کە دو کوڕو کچێکن و دەرچوی کۆلێژی سەربازییە. پشتیوان لە گوندی کودەریان لە دەڤەری زرارەتی لەدایکبوە و هەر لەو گوندەش بەخاکدەسپێردرێت.

بە وتەی نوری حەمە عەلی، شەڕی نێوان پێشمەرگە و داعش نزیکەی 45 خولەکی خایاندوە، چەکدارەکان هێرشیان کردوەتە سەر دو سەنگەر، بەڵام لە سەنگەرێکیان هیچ شەهیدو بریندارێک نەبوە.

بریندارەکان براونەتە نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە هەولێر کە گولـلە بەر قاچ و شانیان کەوتوە.

دژەتیرۆری هەرێمی کوردستان پێشتر لە راگەیەندراوێكدا وتبوی، پێشمەرگە توانیویانە "هێرشی تیرۆریستان تێکبشکێنن و ئێستا بارودۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە."
وەزارەتی پێشمەرگەش وتبوی، داعش "ژمارەیەکی زۆریان کوژراون."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×