نێچیرڤان بارزانی داوا دەكات هێزی هاوبەش بۆ ناوچە جێناكۆكەكان دروست بكرێت
  2021-05-01       341       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا لەبارەی هێرشەكەی شەوی رابردوی داعش بۆ سەر پێشمەرگە، داوا لە لە پەرلەمان و حكومەتی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەكات بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا لە ناوچە جێناكۆكەكان. 

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"كاتژمێر 12:30 خولەكی شەوی رابردو، چەكدارانی گروپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركوكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، هێرشیان كردە سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك گوندی قایەباشی لە سنوری شارۆچكەی پردێی پارێزگای كەركوك، لە ئەنجامدا سێ پێشمەرگە كە بە قارەمانانە بەرەنگاری داعش بونەوە، گیانیان لەدەستداو شەهیدبون. سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هەرسێ پێشمەرگەی شەهید دەكەین و هیوای زو چاكبونەوە بۆ برینداران دەخوازین."

سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتوشیەتی"ئێمە چەندین جار حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشمان لە مەترسیی بەهێزبونەوەی داعش و سودوەرگرتن لە بۆشاییە ئەمنییەكانی ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان ئاگاداركردوەتەوە. هێرشی شەوی رابردوی داعش لەو میحوەرەی پێشمەرگەدا هاوكات بوە لەگەڵ چەند هێرشێكی دیكەی داعش دا."

هەروەها داوای لە پەرلەمان و حكومەتی فیدرالیی عێراق و هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش كردوە، "بەخێرایی كاربكەن لەسەر دروستكردنی هێزی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق لە ناوچە ناكۆكی لەسەرەكان، بۆ ئەوەی چیدیكە ئەو ناوچانە وەك كۆریدۆری جموجۆڵە تیرۆریستییەكان لەلایەن داعشەوە بەكارنەهێندرێت، چونكە ئەوە مەترسییەكی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و هەمو عێراق و هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی هەمو ناوچەكە و جیهان."

نێچیرڤان بارزانی جەختی كردۆتەوە كە "هەرێمی كوردستان ئامادەیە بۆ هەمو جۆرە هاوكارییەك لەپێناو دروستكردنی ئەو هاوبەشی و هاوئاهەنگییە بەشێوەیەكی خێرا."

 

 

كاتژمێر ١٢:٣٠ ی شەوی رابردوو، چەكدارانی گرووپی تیرۆریستیی داعش لە میحوەری رۆژئاوای كەركووكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان،...

Posted by ‎Nechirvan Barzani / نێچیرڤان بارزانی‎ on Friday, April 30, 2021
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×