مەسرور بارزانی: داعش خەریكی خۆڕێكخستنەوەیەو مانەوەی هاوپەیمانان لەعێراق پێویستە
  2021-05-01       377       

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە پەلامارەكەی شەوی رابردوی داعش بۆ سەر پێشمەرگە رایگەیاند، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیەو سود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لە ناوچە جێناكۆكەكان هەیەو دەشڵێت، مانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەعێراق بۆ ڕوبەڕبونەوەی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین.

ئاوێنە: مەسرور بارزانی، ئەمڕۆ شەممە، لە پەیامێكدا رایگەیاند"وەک چەندین جار دوپاتمان کردوەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیەو هێشتاش هەڕەشەو مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنورانەدا هەیە."

وتوشیەتی"جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە."

سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئەوەشی خستۆتەڕو"بەردەوامبونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لەعێراق بۆ ڕوبەڕبونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین بۆ شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و نەمانی هەڕەشەو مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی."

دەقی پەیامەكە...

پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە

بە داخێکی زۆرەوە شەوی ڕابردو، لە ئەنجامی هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هێزی پێشمەرگە لە سنوری پردێ، چەند پێشمەرگەیەك شەهیدو برینداربون. پرسەو سەرەخۆشی خۆم بە بنەماڵەو کەسوکاری شەهیدەكان ڕادەگەیەنم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. هیوای چاکبونەوەی خێراش بۆ بریندارەکان دەخوازم.

وەک چەندین جار دوپاتمان کردوەتەوە، داعش خەریکی خۆڕێکخستنەوەیەو هێشتاش هەڕەشەو مەترسییەکی ڕاستەقینەیە لە چەندین ناوچەی عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، کە سود لەو بۆشاییە ئەمنیە وەردەگرێت کە لەو سنورانەدا هەیە. بۆیە جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی هەماهەنگیی ئەمنی لە نێوان سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگە دەکەینەوە. هەروەها بەردەوامبونی ڕاهێنان و هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و مانەوەیان لەعێراق بۆ ڕوبەڕبونەوەی تیرۆریستانی داعش، بە گرنگ و پێویست دەزانین بۆ شکستپێهێنانی یەکجارەکی داعش و نەمانی هەڕەشەو مەترسییەکان بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق بەگشتی.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/5/1

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×