گەریلا بە چالاکیی بەهێز وەڵامی داگیرکەران دەداتەوە
  2021-05-01       562       
هێزەکانی گەریلا لەدژی هێرشی داگیرکەریی دەوڵەتی تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا، بە چالاکیی بەهێز وەڵامی داگیرکەران دەداتەوە.

ئاوێنه‌:  ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە، لەسەر هێرشە داگیرکەرییەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا و چالاکیی بەهێزی گەریلاکانی دژی ئەو هێرشانە ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: لە چوارچێوەی هەنگاوی شۆڕشگێری “بازەکانی زاگرۆس”، هێزەکانمان ڕۆژی ٢٩ی مانگی چوار، کاتژمێر ١١:٣٠ خۆلەکی پێشنیوەڕۆ، لە هەرێمی ئاڤاشین، لەسەر گردی مام ڕەشۆ، یەکینەیەکی شاراوەی سوپای تورکی خستە ژێر چاودێرییەوە و دژیان چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا دوو داگیرکەر سزادران، سوپای تورک بە هێلیکۆپتەر کوژراوەکانی دوور خستەوە و ناوچەکەی بۆردوومان کرد.

هەروەها هاتووە: ڕۆژی ٣٠ی مانگی چوار، کاتژمێر ١١:٣٠ی پێشنیوەڕۆ و ٠٧:٠٠ی ئێوارە، سوپای تورک بە هێرشی قورس بۆسەر سەنگەرەکانی شەڕ لە گردی شەهید ئارنۆس و شەهید مۆنزور لە مەیدانی مام ڕەشۆ، لە هەرێمی ئاڤاشین ویستی بێتە ناوچەکەوە، بەڵام ڕووبەڕووی بەرخۆدانی گەریلا بووەوە و بەبێی ئەنجام کشایەوە.

هەر ئەو ڕۆژە کاتژمێر :٠٦:٣٠ خولەکی بەیانی، هێزەکانمان بە چەکی قورس دژی بنکەی گرێ لە ناوچەی چەلێی سەربە جولەمێرگ، چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییە سەرکەوتووەدا، سەنگەری داگیرکەران لەگەڵ سەربازەکانی ناویدا ڕووخێندران.

لە سەر هێرشە ئاسمانییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و تۆپبارانەکانیشی هاتووە:

ڕۆژی ٢٩ی مانگی چوار، کاتژمێر ٠٩:٠٠ی شەو، فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای داگیرکەری تورک مەیدانی کۆلیتی لە خواکورکیان بۆردوومان کرد.

ڕۆژی ٣٠ی مانگی چوار، کاتژمێر ٠١:٣٠ بۆ ٠٢:٠٠ی دوانیوەڕۆ، سوپای داگیرکەری تورک، زەوییەکانی گوندی کێستا لە هەرێمی مەتینا و گردی زەندورای تۆپباران کرد، لە ئەنجامی تۆپبارانەکەدا، ئاگر لە زەوییەکان کەوتەوە.

ڕۆژی ٣٠ی مانگی چوار، کاتژمێر ٠١:٤٠ خولەکی بەرەبەیان فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک، مەیدانی کارکەریان لە هەرێمی زاپ بۆردوومان کرد.

لە کۆتاییش هاتووە: لە هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکدا، زیانێک بەر گەریلاکانمان نەکەوتووە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×