زەریف داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی قاسم سولەیمانی كرد
  2021-05-02       298       

وەزیری دەرەوەی ئێران لە بارەی تۆمارە دەنگیە دزە پێكراوەكەی كە تیایدا رەخنەی لە قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس گرتبوو، داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی ناوبراو كرد.

ئاوێنه‌: محەمەد جەواد زەریف وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری خۆی لە ئینستاگرام داوای لێبوردنی لە بنەماڵەی قاسم سولەیمانی كردوە و لە هەمان كاتدا وتویەتی، زۆر بە راستگۆیانە لەو تۆمارە دەنگیەدا دوواوە، بەڵام ئەگەر بیزانیبایە بۆ بڵاوكردنەوە دەبێت، وەك پێشووتر هەرگیز قسەی لەو جۆرەی نەدەكرد.

زەریف جەختیشی كردوەتە، كە هەموو كات رێزی لە پێگە و كارەكانی قاسم سولەیمانی گرتووە.

لە رۆژانی رابردوودا تۆمارێكی دەنگی وەزیری دەرەوەی ئێران دزەی پێكرا كە تیایدا باس لە دەستوەردانی فەرماندە سەربازییەكان بە تایبەتی قاسم سولەیمانی لە كاروباری دیپلۆماسیدا دەكات.

بڵاوبوونەوەی ئەو تۆمارە دەنگیە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و داواكرا لێپرسینەوە لە وەزیری دەرەوەی ئێران بكرێت.
حكومەتی ئێران رایگەیاندوە، تۆمارەكە بۆ ئەرشیڤی حكومەت بووە و لێكۆڵینەوە لە چۆنێتی دزەپێكردنی دەكەن و بەو هۆیەشەوە راوێژكارێكی سەرۆك كۆماری ئێران لە كارلادراوە و 15 كەسیش فەرمانی قەدەغەكردنی گەشتی دەرەوەیان بۆ دەركراوە.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×