وەزیری بەرگریی توركیا بنكەیەكی سەربازیی وڵاتەكەی لە هەرێم بەسەردەكاتەوە
  2021-05-02       844       

وەزیری بەرگریی توركیا بەیاوەری ژمارەیەك لە گەورە بەرپرسانی سەربازی، بنكەیەكی سەربازیی وڵاتەكەی لەناو خاكی هەرێمی كوردستان بەسەركردەوە.

ئاوێنه‌: خولوسی ئاكار، وەزیری بەرگریی توركیا ئێوارەی دوێنێ بە یاوەریی سەرۆك ئەركان و فەرماندەی گشتیی هێزە وشكانییەكانی توركیا، بنكەیەكی سەربازیی وڵاتەكەی لەناو هەرێمی كوردستان بەسەركردەوە.

سەردانەكە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامیی ئەو پڕۆسە سەربازییەی لە ڕۆژی هەینی 23ی نیسانەوە، بە بیانووی هێرشكردنە سەر بنكە و بارەگاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، بۆسەر ناوچە و گوندەكانی دەوروبەری ناحیەی كانی ماسێ سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك دەستیپێكردووە و تائێستا درێژەی هەیە.

خولوسی ئاكار لەمیانەی بەسەركردنەوەكەیدا پڕۆسە سەربازییەكانی وڵاتەكەی بە “سەركەوتوو” ناوبرد و ڕایگەیاند، بەردەوام دەبێت.

لەمیانەی ئۆپراسیۆنەكانی ئەم دواییەدا، سوپای توركیا سێ خاڵی سەربازیی لە گوندەكانی هرورێ و چەلكی و كەستێ داناوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×