پلانی حكومەت بۆ چارەسەركردنی كێشەی گرانبوونی بەنزین ئاشكرا دەكرێت
  2021-05-02       447       

بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر رایگەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو رێگەوە ئاسانكاری بۆ بازرگان و بەنزینخانەكان دەكات، بۆ ئەوەی نرخی بەنزین گران نەبێت و بە جۆرێك بێت لە بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و بازرگان و بەنزینخانەكاندا بێت.

ئاوێنه‌: ئاری كاكەشین، بەڕێوەبەری سووتەمەنی هەولێر بە میدیای فەرمی پارتی وتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەیەوێت بە دوو جۆر ئاسانكاری بۆ بازرگان و خاوەن بەنزینخانەكان بكرێت، بۆ ئەوەی نرخی بەنزین جێگیر بێت و گران نەبێت، چونكە چەند هۆكارێك بوونە هۆی ئەوەی نرخی بەنزین گران بێت، لەوانە هاوردەكردنی بەنزین هەندێك توندتر كراوە، كە پێویستە كوالیتی بەرز بێت و بەپێی رێنمایی نوێ بێت، جگە لەوەش نرخی نەوت لە بازاڕەكانی جیهان گران بووە و هەروەها نرخی دۆلاریش بەرز بۆتەوە.

وتیشی، ئەو بەنزینەی پێشتر دەهات، نەخۆشیی لێ دروست دەبوو و ژینگەشی پیس دەكرد، بەڵام ئێستا كوالیتی بەرز كراوەتەوە، بۆیە حكوومەت بەنیازە لە رێكارەكانی هاوردەكردنی بەنزین لە خاڵە سنوورییەكان ئاسانكاری بۆ بازرگانان بكات و ئێمەش لە بەنزینخانەكان هەندێك هاوكارییان دەكەین، بۆ ئەوەی نرخی بەنزین گران نەبێت، چونكە ناتوانین دەستكاریی نرخی نەوت بكەین و دۆلاریش بە هەمان شێوە، بۆیە حكوومەت بەنیازە لە بازگەكان نەهێڵێت تانكەرەكان دوابكەون و رێكارەكان ئاسان دەكات زووتر بێن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×