"حکومەتی هەرێم دەستی بە دروستکردنی ئەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران کردوە"
  2021-05-02       980       

بەپێی نوسراوێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، داوا لە سەرجەم فەرمانگەکان کراوە کە لە ڕێگەی فۆرمێکەوە داتا و زانیارییان لەبارەی فەرمانبەرانەوە بۆ ڕەوانە بکەن، بۆ ئەوەی ئەژماری بانکی بۆ ھەمو فەرمانبەران بکرێتەوە.

ئاوێنە: بەپێی ماڵپەڕی رەسمی پارتی وەزارەتی دارایی و ئابوریی حکومەتی ھەرێمی کوردستان نوسراوێکی بۆ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە بەستراو و نەبەستراوەکانی سەر بە وەزارەتەکان ناردوەو تێیدا ھاتوە: "داوا دەکەین داتا و زانیاری لەسەر گشت فەرمانبەرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەوانە بکەن بۆ ئەوەی ئەژماری بانکییان بۆ بکرێتەوە، ئەوانەی تا ئێستا بۆیان نەکراوەتەوە، ئەمەش بۆ جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیی ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠٢٠ ماددەی ١٣، برگەی یەکەم."

ئەرشەد حسێن، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، لەوبارەیەوە بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی وتوە"ئەو کارەی حکومەت لە چوارچێوەی یاسای چاکسازیدایە و ھەنگاوێکی گرنگە کە ھەمو زانیاری و شایستەکانی فەرمانبەران لەو ئەژمارەدا کۆبکرێنەوەو جگە لەوەش، ئەمە بۆ پێشکەوتنی سیستەمی بانکییە و لە چاکسازیشدا باسی لێوە کراوەو پێویستە جێبەجێ بکرێت و پاشەکەوتی موچەش لەوێ دادەنرێت."

ئەرشەد حسێن باسی لەوەش کرد"ئێستا حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازیدا دەستی بە دروستکردنی ئەژماری بانکی بۆ فەرمانبەران کردوە و بەردەوام دەبێت تا ھەمو فەرمانبەرێک دەبێتە خاوەن ئەژمارێکی تایبەتی بانکیی خۆی."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×