2021-05-03   511     
بەرەبەیانی ئەمڕۆ حەشدی شەعبی لە سێ میحوەرەوە ، ئۆپەراسیۆنێکی لە باشووری موسڵ دەستپێکرد.
ئاوێنە: ئۆپەراسیۆنەکە بە ناوی (علي_ولي_الله) بە هاوبەشی لەگەڵ سوپای عێراق دەستی پێکردووە، سەرەتا لە پشکنینی دوو گوندەوە دەستیانپێکرد بەناوەکانی تەڵاڵ سەمەن و خووەیتەڵە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حەشدی شەعبی، ئامانج لەو ئۆپەراسیۆنە، ڕێگرتنە لە هەر پێشێلکارییەکی ئەمنی لەو ناوچانە کە تیایدا لیواکانی ٣٣ی حەشد و ٢٥ی سوپا بەشدارییان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە.
هەر ئەمڕۆ فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان هەڵمەتێکی گەڕان و پشکنینی لە نەینەوا ئەنجامداو ژمارەیەک داواکراوی لە جەزیرەی حەزر سەر بە پارێزگای نەینەوا دەستگیر کرد.
بەپێی بەیاننامەیەکی فەرماندەییەکە، هێزە هاوبەشەکان لە فیرقەی ٢٠ و شانەی هەڵۆ سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکان لە رۆژئاوای نەینەوا ئەنجامداوە و توانراوە دوو داواکراو دەستگیر بکەن، هەروەها ئۆتۆمبێلێکی چەتەکانی داعشیان لە ژێر گژ و گیا دۆزییەوە کە ئازووقە و خۆراکی هەڵگرتووە، لەگەڵ شەش هاوەنی ١٢٠ ملم و پشتنێکی بۆمبڕێژکراو.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، تونێلێکی پاشماوەکانی داعش لە بۆردومانێکی ئاسمانیدا لەناوبراوە کە نوێن و جلوبەرگ و مۆلیدەی کارەبایی و ژمارەیەک مۆبایلی تێدا بووە.