“كار بۆ درووستبوونی هێزی هاوبەش دەكرێت لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عیراق”
  2021-05-03       449       
جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كاری خێراتر دەكات بۆ درووستبوونی هێزێكی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوە و پاراستنی ناوچەكانی سنووری ماددەی ١٤٠ لە داعش.

ئاوێنە: لە راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ جێگرەكەی جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی سەنگەرەكانی میحوەری رۆژئاوای كەركووك و گوندی قایەباشیان لە سنووری شارۆچكەی پردێ كرد دوای ئەوەی پشتر تیرۆریستانی داعش هێرشیان كردە سەر بنكەیەكی پێشمەرگە و پاش بەرگرییەكی ئازایانە و تێكشكاندنی هێرشە تیرۆریستییەكە، سێ پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەكی دیكەش بریندار بوون.

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، لەو بەسەركردنەوەیەدا، جەعفەر شێخ مستەفا دووپاتی كردووەتەوە كە سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان چەندین جار بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هاوپەیمانانی راگەیاندووە كە داعش مەترسییە و هەمیشە لە ھەوڵی خۆڕێكخستنەوە و تێكدانی ئارامیی ناوچەكەدان، بەتایبەت لە ناوچەكانی ماددەی ١٤٠ كە بۆشایییەكی ئەمنیی زۆری تێدا ھەیە و ھەماھەنگییەكی تەواو سەربازیش لەنێوان سوپای عێراق و ھێزەكانی پێشمەرگەدا بۆ پاراستن و دابینكردنی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەكە نییە.

جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی كردووەتەوە كە سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستان كاری خێراتر دەكات بۆ درووستبوونی ھێزێكی ھاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوە و پاراستنی ئەو ناوچانە لە داعش، چونكە بەردەوامبوونیان مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، ھەرێمی كوردستان و جیھان بەگشتی.

بە گوێرەی راگەیەندراوەكە، دوای گەڕانەوەی لە میحوەرەكانی ھێزی پێشمەرگە، جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان، جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی ماڵی شەھیدان و بریندارانی ئەو ھێرشە تیرۆریستیەی كرد و سەرەخۆشی و ھاوخەمیی سەرۆكایەتیی ھەرێمی كوردستانی گەیاندە خانەوادەی سەربەرزیان و ھیوای زوو چاكبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×