لە مەریوان شەڕ لە نێوان سەلەفییەكان و خەڵكی دروست دەبێ و ژنان بە دار و بەرد ڕووبەڕوویان دەبنەوە
  2021-05-03       2251       
دوو شەو لەمەوبەر لە گەڕەکی "دارسەیران"ی شاری مەریوان، چەند ئەندامێکی ڕەوتی سەلەفی بە شمشێر و چەک هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی مەدەنی و هەڕەشەی کوشتنیان لە خەڵک کردووە.

ئاوێنە: بەپێی زانیاریی میدیا خۆجێیەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەو هێرشەی سەلەفییەکاندا بۆ سەر خەڵک دوو کەس بریندار کراون و لە نەخۆشخانەی شاری مەریوان لەژێر چاودێریدان.

زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە ئەو سەلەفییانە ویستوویانە لەسەر شەقام کەسێک سەر ببڕن، بەڵام خەڵکی گەڕەکە و بەتایبەت ژنان بە بەدار و بەرد بەرەنگاریان بوونەتەوە.

دوای ئەو هێرشە هێزەکانی سوپای پاسداران لەو شوێنە جێگیر بوون و هاتوچۆیان لە گەڕەکی "داسەیران" قەدەغه کردووە.

سەلەفییەکان هەڕەشەیان لە خەڵکی مەدەنی کردووە کە دیسان دەگەڕێنەوە و بە هێزێکی زیاتر هێرش دەکەنە سەر خەڵکی ئەو گەڕەکە.

ماوەی چەند ساڵێکە ڕەوتی سەلەفی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەتایبەتی شارەکانی بۆکان، سنە، سەقز، جوانڕۆ و مەریوان، چالاکییەکانیان پەرەی سەندووە و چەندین جار لەسەر شەقامەکان و بەتایبەتی جوانڕۆ و سەقز هیرشیان کردووەتە سەر خەڵک و ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانیی هاووڵاتییان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×