والییەكی گەورەی داعش لە هەرێمی كوردستان دەستگیركرا
  2021-05-03       616       

شانەی میدیای ئەمنی عیراقی، دەستگیركردنی بەناو “والی فەلـلوجە”ی ڕێكخراوی داعش ڕادەگەیەنبێت.

ئاوێنە: بەپێی بەیاننامەیەك كە لەلایەن شانەی میدیای ئەمنییەوە بڵاوكرایەوە”هێزە ئەمنییەكانی عیراق، بە پشتبەستن بە هەوڵە هەواڵگریی و تەكنكییەكان، توانییان ئەبو عەلی جومەیلی تیرۆریست دەستگیربكەن”.

جومەیلی داواكراو بووە بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر، بەهۆی پەیوەندی بە ڕێكخراوی داعش و داننانی لەكاتی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان بەوەی لە ساڵی 2005وە كاریی لە ڕیزی ڕێكخراوی قاعیدەدا كردووە و تیرۆریستە عەرەبەكانی لە عیراقدا داڵدەداوە.

جومەیلی بە 15 ساڵ زیندانی حوكمدرابوو، لە ساڵی 2011 ئازادكرا و دواتر بەیعەتيدا بە ڕێكخراوی داعش.

شانەی میدیای ئەمنی دەڵێت”والی فەلـلوجەى داعش لە چوارچێوەی كۆكردنەوەی چەك بۆ داعش كاریی كردووە و لە دوای ڕزگاركردنی ئەنباريش بەرەو سوریا هەڵاتووە و پاشان گەڕاوەتەوە و بە والی موسڵ و دواتر بە والی فەلـلوجە دەستنیشان كراوە، لەكاتی دەستگیركردنیشدا پشتێنی بۆمبڕێژكراوی بەشتبوو”.

هەر لە بەیاننامەكەی شانەی میدیای ئەمنیدا هاتووە كە جومەیلی دانی ناوە بە ئەنجامدانی دەیان كاریی تیرۆریستی لە دژی هێزە ئەمنییەكان و هاووڵاتیان، پاشان بە هاریكاریی هێزەكانی ئاسایش لە هەرێمی كوردستان دەستگیركرا”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×