عێراق ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرامبەر سەردانەكەی وەزیری بەرگری توركیا بۆ نێو خاكەكەی دەربڕی
  2021-05-03       1237       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ناڕەزایەتی توندی خۆی بەرامبەر سەردانەكەی دوێنێ خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا بۆ بەسەركردنەوەی سوپای وڵاتەكەی لەنێو خاكی عێراق، دەربڕی.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ دوشەممە، بریكاری وەزیری دەرەوەی عێراق، نزار خەیروڵا، بانگهێشتی هەڵسوڕێنەری كاروبارەكانی باڵیۆزخانەی توركیای لە بەغدا بۆ وەزارەتەكەیان كردوەو یاداشتێكی ناڕەزایەتی داوەتێ.

ئاماژەی بەوەشداوە كە وەزارەتەكەیان لە یاداشتەكەیدا ناڕەزایەتی توندی خۆی دەربڕیوە بەرامبەر سەردانەكەی دوێنێ خوڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیا بۆ بەسەركردنەوەی هێزەكانی وڵاتەكەی لەنێو خاكی عێراق بەبێ هەماهەنگی و رەزامەندی پێشوەختی لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەكان.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەروەها ئیدانەی لێدوانەكانی وەزیری ناوخۆی توركیای كردوە سەبارەت بە نیازی وڵاتەكەی بۆ دامەزراندنی بنكەیەكی سەربازی هەمیشەیی توركیا لە باكوری عێراق.

هەروەك وەزارەتی دەرەوەی عێراق وەبیری توركیای هێناوەتەوە كە پەنابردنە بەر چارەسەرە سەربازییە تاكلایەنەكان رێگەیەك نییە بۆ چارەسەركردنی ئاڵنگارییە ئەمنییە هاوبەشەكان.

دوێنێ یەكشەممە خوڵوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بەسەردانێکی کتوپڕ هێزەکانی وڵاتەکەی لە چەند ناوچەیەكی باشوری كوردستان بەسەركردەوەو رایگەیاند، لە ئایندەیەکی نزیکدا بەنیازن بنکەیەکی سەربازی فروانتر لەناوچەكە دروست بکەن. 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×