"ئاسایشی یەكێتی" مامۆستایەكی ناڕازیی دەڤەری باڵەكایەتی لە رانیە دەستگیردەكات
  2021-05-03       1371       

دوای هەوڵی "ئاسایشی پارتی" بۆ دەستگیركردنی، مامۆستایەكی ناڕازی دەڤەری باڵەكایەتی بەناوی "كارۆخ عوسمان"، خۆی گەیاندۆتە رانیەو لەوێ لەلایەن "ئاسایشی یەكێتی" دەستگیركراوە بۆ "لێكۆڵینەوە."

ئاوێنە: كەمال چۆمانی، نوسەرو رۆژنامەنوس، كە لە بارەی چارەنوسی ئەو مامۆستا ناڕازییەوە قسەی لەگەڵ كەسە نزیكەكانی كردوە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك وتویەتی"ئاسایشی پارتی هەوڵی رفاندنی کارۆخ عوسمانی داوە، خۆشبەختانە کارۆخ عوسمان دەربازبوە و گەیشتۆتە رانیە، لەوێ دیارە ئاسایشی یەکێتی لای خۆی رایگرتوە و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکات."

كەمال چۆمانی ئەوەشی وتوە"ئەگەر کارۆخ تاوانێکی کردوە، ئەوا پۆلیس هەیەو با ئەو کەسەی سکاڵای لەسەری هەیە، سکاڵا تۆماربکات و کارۆخ بداتە دادگا، لە قەسرێ دەژی و خەڵک دەیناسێت و با پۆلیس ئەمری دەستگیرکردنی دادگای تەسلیم بکات، ئەگەر خۆی تەسلیم نەکرد، با ئاساییش بە راکردو لە قانون تەماشای بکات. بەڵام هیچ مانای نییە کەیسێکی درۆیینە دروستدەکەن تا بە قانونی تیرۆر بتوانن ئەو کەسە دەستگیربکەن و بیخەنە ناو کونجی زیندانەوە، وەک کۆی ئازادیخوازانی بادینان."

كەمال چۆمانی جەختی كردۆتەوە كە "ئاسایشی یەکێتی و پۆلیسی ئیدارەی راپەڕین بەرپرسیارن لە گیان و ژیانی کارۆخ عوسمان، پێویستە ئەوان بەوردی مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە بکەن و بە هیچ شێوازێک تەسلیمی ئاسایشی پارتی نەکرێت. تەنانەت ئەگەر کەسێکیش سکاڵای لەسەر هەیە، با هەر لە رانیە سکاڵاکە تۆماربکرێت و دادگایی بکرێت، نەک لەبەرئەوەیش دادگاکانی ئەولا لە هی ئەملا باشتر بن، لای کەم لەبەرئەوەی مەسرور بارزانی ناتوانێت کاریگەریی لەسەر دادگاکانی رانیە هەبن."

کاروخ عوسمان یەکێکە لە مامۆستا رەخنەگرو ناڕازییەکانى دەڤەرى باڵەکایەتى و بە رەخنەكانی لە دەسەڵات لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ناسراوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×