له‌سلێمانی‌ سەرۆکی هەرێم‌و چەند لایەنێکی سیاسی پرسی دەستوریان تاوتوێکرد
  2021-05-04       534       
نێچیرڤان بارزانی ده‌ڵێت، له‌میانه‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یدا لەگەڵ حیزبەکان، پرسی‌ ده‌ستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان تاوتوێ كردووه‌. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ لەگەڵ حیزبەکان هەوڵی جیددی ده‌دەن بۆ ئەوەی کێشەكانی هەرێمی کوردستان کەمبکەنەوە.

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان سه‌ردانی‌ شاری‌ سلێمانی كردو لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی نیشتمانی‌و حیزبی سۆسیالیست کۆبوەوە. دوای کۆتاییهاتنی کۆبونەوەی لەگەڵ گۆڕان، سەرۆکی هەرێم رایگەیاند، هەمو هەوڵێکیان بۆ دروستکردنی یەکڕیزییەو لەگەڵ حیزبەکان هەوڵی جیددی دەدەن بۆ کەمکردنەوەی ئەو کێشانەی لەهەرێمی کوردستان هەن. 

وتیشی‌، "لەگەڵ حیزبەکان هەوڵی جیددی ده‌دەین بۆ ئەوەی ئەو کێشانەی لەهەرێمی کوردستان هەن، کەمیان بکەینەوە."
 
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند، لەسەر دەستوری‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هەندێک بیروبۆچون ئاڵوگۆڕ ده‌کەن لەگەڵ حیزبەکان.

له‌باره‌ی‌ سه‌ردانه‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم بۆ سلێمانی‌‌و كۆبونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ حیزبه‌كان‌و تاوتوێكردنی‌ پرسی‌ ده‌ستور، هۆشار عه‌بدوڵا، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ عێراق له‌نوسینێكدا ڕایگه‌یاندووه‌، "مافی خۆمانە گومان بکەین کە بۆچی لەئێستادا پرسی دەستور هاوزەمانی هەڵبژاردنەکانی عێراق دێتەوە سەر ساحەی سیاسی، ئایا لە ئێستادا دەستور زەرورە یا گۆڕینی ئەم حکومەتە شکستخواردوە و ئەم پەرلەمانە پەککەوتوە؟! کامیان زەرورترن دەستور یان چارەسەری موچە؟! کامیان ئەولەویەتیان هەیە دەستور یا بژێوی و ژیانی رۆژانەی گەنج و خەڵکی بێکار و بێدەرامەت؟!".

ناوبراو ده‌ڵێت، "پرسی دەستوری هەرێم لەو سەردەمەدا کە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی گۆڕان بوو یەکێک بو لەپرسە هەستیارو نیشتیمانییە پڕ بایەخەکان و لەژێر هیچ فشارو دەسکەوتێکی حزبیدا ئامادەنەبو بچێتە ژیر باری رازیبون بەدەستورێکی حزبی و کەسی و عائیلی، دەبێ ئێستاش هەمان نەفەس بەردەوام بێ نەک بێ هیچ گرەنتیەک (بەڵێ) بۆ دەستورێکی خراپ بکرێ هاوشیوەی زۆر (بەڵێ) ی تری پێشو."

راشیگه‌یاندووه‌، "دەستور؛ دەبێ بەرێکەوتن و سازانی تێکرای چین و توێژ و هێز و لایەنە سیاسیەکان بنوسرێ نەک بە سەفقەی سیاسی. دستورێکی خراپ دەبێتە ئەو مڵۆزم و بەڵایەی بۆ دەیان ساڵی تر حوکمڕانی چەتەیی و بەدکار بەسەر خەڵکدا بسەپێنێ. بۆیە دەبێ هەمو تاکێک لە مەترسیەکانی پرسی دەستور وەک خۆی تێبگا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×