راگه‌یه‌ندراوی‌ هاوسه‌رۆكانی‌ یه‌كێتی‌ له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانی
  2021-05-04       587       
به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوی‌ هاوسه‌رۆكانی‌ یه‌كێتی‌ له‌باره‌ی‌ كۆبونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم، "هاوسەرۆکان سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان‌و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچونە جیاوازەکان".

ئاوێنه‌: ده‌قی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

ئەمڕۆ سێشەممە ٤ـی٥ـی٢٠٢١، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازییان کرد لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و شێخ جەعفەر شێخ مستەفا و مستەفا سەیدقادر جێگرانی سەرۆکی ھەرێم.

لە دیدارێکدا کە ڕەفعەت عەبدوڵڵا و ڕزگار عەلی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی و ئەمین بابە شێخ و د.میران محەمەد ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەی بوون، گفتوگۆ کرا دەربارەی دوایین گۆڕانکاری و پێشهاتەکان و دۆخی سیاسیی ئێستا و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەکان و کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا و هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پرسی نووسینەوەی دەستورێکی نوێ بۆ هەرێمی کوردستان.

لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لەسەر بەردەوامی گفتوگۆی هەمەلایەنە و پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنەکان و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و کاری پێکەوەیی لە پێناو درووستکردنی متمانەیەکی بەهێز بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بە گەڕانەوە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئیمزاکراوانەی کە لە نێوان لایەنەکان هەیە بە تایبەت لەسەر بابەتە  نیشتیمانیی و ستراتیژییەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان.

هاوکات جەختکرایەوە لەسەر درووستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کە جێگەی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان.

لە دیدارەکەدا هاوسەرۆکان سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیان کرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان، هاوکات ڕووناکییان خستە سەر ئەو کێشە و گرفتانەی کە بوونەتە مایەی قووڵکردنەوەی ناکۆکییەکان. ڕوانینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانیان دووپاتکردەوە بۆ یەکڕیزیی نێوان لایەنەکان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەکان و هەر پڕۆژە و بڕیارێک کە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکات.

وەک کوردیش بە پێویستیان زانی لێکتێگەیشتنی زیاتر لە نێوان لایەنەکان درووست بکرێت و بەرژەوەندیی گشتی زاڵ بکرێت لە پێناو داکۆکیکردنی زیاتر لە مافە نەتەوەییەکان و بەھێزی پێگەی کورد لە بەغدا بە تایبەت لە ناوچە کێشەلەسەرەکان و نەفەوتانی دەنگی کورد.

لای خۆیەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێزانینی خۆی نیشاندا بۆ هەڵوێست و ڕوانینە واقیعییەکانی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و ئەنجامدانی کاری پێکەوەیی نێوان لایەنەکان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×