عه‌بدولستار مه‌جید: ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر سزادراوانی بادینان كرا، متمانەی خەڵکی بەدادگاو یاسا لەقتر کرد
  2021-05-04       989       
عه‌بدولستار مه‌جید، سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ كوردستان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئەو خەڵکە سزادراوەی بادینان ئەنجامدرا، متمانەی خەڵکی بەدادگاو یاسا لەقترکردو هەنگاوێکی تر لەسەرکوتی کۆمەڵگە نزیکبوینەوە."

ئاوێنه‌: ئه‌مڕۆ سێشیه‌ممه‌ دادگای پێداچونەوەی ھەرێم کە لە پێنج دادوەر پێکدێن -سێ پارتی‌‌و دو یه‌كێتی‌- بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان‌و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کرد.

له‌به‌رامبه‌ر بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا، عه‌بدولستار مه‌جید ڕونكردنه‌وه‌یه‌كی‌ بڵاوكردۆته‌وه‌و له‌به‌شێكیدا نوسیویه‌تی‌، "بڕیاری (زۆرینە)ـی دادگای تەمیزی هەولێر بەپەسەندکردنی ئەو سزا ناعادیلانەیەی بەسەر ڕۆژنامەنوسان‌و چالاکوانانی بادینان درابوو، سەلماندی کە دادگاو یاسا دژ بەخەڵکی بێ پشت‌و پەناو پاڵپشت‌و پاسەوانی دەسەڵاتدارانە!"

به‌بۆچونی‌ ئه‌و، هیچ شتێک لەوە خەتەرتر نیە کە دادگاو دادوەرو یاساکان ببنە پاشکۆی دەسەڵاتداران‌و بەحەزو ویست‌و خواستی ئەوان بڕیار بداو عەدالەت پشتگوێ بخات.

عه‌بدولستار مه‌جید ڕایگه‌یاندووه‌، "ئەوەی ئەمڕۆ بەرامبەر ئەو خەڵکە سزادراوەی بادینان ئەنجامدرا، متمانەی خەڵکی بەدادگاو یاسا لەقتر کردو هەنگاوێکی تر لەسەرکوتی کۆمەڵگە نزیکبووینەوە."

سه‌رۆكی‌ فراكسیۆنی‌ كۆمه‌ڵی‌ دادگه‌ری‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ سبەی لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لەشاری هەولێر دیدارو کۆبونەوەی هەیە، "ئەم زوڵم‌و ناحەقییەی دەرحەق بەو سزادراوانەو خەڵکی دیکەش دەکرێت، دەگەیەنم، دەبێت دونیا بزانێت کە چۆن دەسەڵاتێکی پۆلیسی بەناوی دادگاو یاساوە خەریکە کۆمەڵگە دەکاتە زیندان!"

ناوبراو له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئه‌وه‌شی‌ نوسیوه‌ كه‌ دایکی ئیمانداران خاتوو عائیشە (خوالێی ڕازی بێت) لەپێغەمبەری خۆشەویستمان موحەممەدەوە ﷺ دەگێڕێتەوە کە فەرموویەتی (إنما أَهڵكَ من كان قبلكم أنهم كانوا إذا سرقَ فیهم الشَّریف تركوه، وإذا سرقَ فیهم الچَّعیف أقاموا علیه الحَدَّ) .

واتە: بەڕاستی خوای گەورە ئەوانەی پێش ئێوەی لەناوبردووە بەهۆی ئەوەی ئەگەر کەسێکی خانەدان و دەسەڵاتدار دزی بکردایە وازیان لێدەهێنا، بەڵام ئەگەر کەسێکی لاواز و هەژار و بێ پشتوپەنا دزی بکردایە سزایان دەدا .
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×