زانیاری‌ نوێ سه‌باره‌ت به‌په‌سه‌ندكردنی‌ بڕیاری‌ سزادانی‌ ڕۆژنامه‌نوسان‌و چالاكوانانی‌ بادینان
  2021-05-04       1007       
سه‌رباری‌ ئه‌وه‌ی‌ ژماره‌یه‌ك دادوه‌رو په‌رله‌مانتارو چالاكوان جه‌خت له‌وه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ دادگای پێداچونەوەی هەرێمی کوردستان سزای زیندانیكردنی شەش ساڵی‌ بەسەر سزادراوانی‌ بادیناندا پەسەندکردووە، بەڵام دادوەرێک ده‌ڵێت، هیچ شتێکی ڕەسمی لەوبارەیەوە نییەو دادگای پێداچونه‌وه‌ش تا ئێستا بەڕەسمی هیچ شتێکی بڵاونەکردۆتەوە.

ئاوێنه‌: ئه‌مرۆ سێشەممە ژمارەک لەدادوه‌رو چالاکوانان‌و ڕۆژنامەنوسان‌و پەرلەمانتار هەواڵی ئەوەیان بڵاوکردەوە کە دادگای پێداچونەوەی ھەرێم کە لەپێنج دادوەر پێکدێن -سێ پارتی‌‌و دو یه‌كێتی‌- بەزۆرینەی دەنگی سێ دادوەر سزای بەندکردنی رۆژنامەنوسان‌و چالاکوانانی بادینانی پەسەند کردووه‌.

به‌ڵام ئەیهان سەعید، نوێنەری کەسوکاری دەستگیرکراوانی بادینان بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووه‌، "ئەمڕۆ زانیاریەک بڵاوبۆتەوە کە دادگای تەمیز بریاری شەش ساڵ زیندانی چالاکوانانی بادینانی پەسەندکردووە، بەڵام بەفەرمی نەبۆتە بڕیارو ئەگەر ئەو بڕیارە جێبەجێکرا ئەوا ئێمە وەکو کەسوکاری دەستگیرکراوان بەهەماهەنگی لەگەڵ دیبلۆماتکارانی دەرەوەو ئەوروپاو کۆمەڵێک چالاکوان لەسەر ئەم کەیسە لەئاستی ناوخۆیی و دەرەوە بێدەنگ نابین و داواکارین بریارێکی عادیلانەو بەشێوەی یاساییانە بدرێت و سەروەری یاساو سومعەی هەرێم بپارێزرێت نەک لایەنگیری بێت ".

هاوكات حاکم بەشدار مەجید، وتەبێژی داواکاری گشتی ده‌ڵێت، "هیچ شتێکی فەرمیمان نەبینیوەو دادگای تەمیزیش بەڕەسمی هیچ شتێکی باس نەکردووە، بڕیارەکانی دادگای تەمیز بەچەند فلتەرێک دەڕوات و دادگای تەمیز شەرم ناکات ئەگەر پەسەندی بکات بەئاشکرا دەڵێت بڕیارەو دەیداتە دەست پارێزەری تۆمەتبارەکانیش، چاوەڕێین ئەگەر شتێک هەبێت زۆر بە ئاشکرایی باسی دەکەین ئەمە دادگایەو دەبێت بڕیارەکانی ئاشکرابکرێن خۆ بەنهێنی نییە، بەڵام تا ئەم ساتە دادگای تەمیز بەفەرمی ڕاینەگەیاندووە، لەدوو سێ شوێن گوێم لێ بووە کە دەڵێن حوکمەکە هەڵوەشاوەتەوە، پەسەندکراوە ،کەمکراوەتەوە، ئەمە قسەیە و ناتوانین مامەڵە لەگەڵ قسەی نا ڕەسمی بکەین و دەچێتە چوارچێوەی سۆشیاڵ میدیا، ئەو کەسەی کە دەڵێت پەسەندکراوە دەبوایە کۆپیەکی بڕیارەکە بڵاوبکاتەوە".

بەپێی وته‌ی‌ شارەزایانی دادوەری و پارێزەران لەکاتی دەرچوونی بڕیارەکانی دادگای تەمیز تەنها رێگایەکی تر هەیە بۆ ئازادکردنی ئەو کەسانە، ئەویش لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا هەیە کە بڕیاری لێبوردنی تایبەت دەربکات و ئازاد بکرێن.

لای‌ خۆیه‌وه‌ بەشدار حەسەن، پارێزەری دەستگیرکراوانی بادینانە رایگه‌یاندوه‌، " ئێمە لەوڵاتێک دەژین بە سیستەماتیک نییە جاری وا هەیە لێرەولەوێ کارمەندێک یان دادوەرێک شتێک لە رێگەی پەیوەندی تایبەتەوە ڕادەگەیەنێت، ئەمرۆ سەردانی دادگای تەمیز و جینایاتی دوومان کردووە پێیان وتین کە بڕیارەکە تەواو بووە تەنها ڕاگەیاندنی ماوە، هیچ زانیاریمان نییە تەنها پێمان دەڵێن بڕیارەکە تەواوبووە و لەچاپە تەنها ڕاگەیاندنی ماوە، پاشان کە چاپکرا دەچێتەوە لای ئەو ئەندامانە دەبێت ئیمزای لەسەر بکەن کێ ناڵێ لە کۆتا خولەک یەکێک لەو ئەندامانە پەشیمان نابێتەوە".

حاكم شێخ له‌تیف كه‌ یه‌كه‌مجار هه‌واڵی‌ په‌سه‌ندكردنی‌ سزاكه‌ی‌ بڵاوكرده‌وه‌، جه‌خت له‌دروستی‌ زانیارییه‌كانی‌ ده‌كاته‌وه‌و له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، "لەم دۆسیەدا دەستەی سزایی کە 5 دادوەرن 3 دادوەریان رەئی خۆیان نوسیوەو پشتگیری بریارەکەی دادگای تاوانەکانی ھەلێریان کردوە، 2 دادوەریش دژی بریارەکەی دادگاکە بون، ئیتر دوای ئەوەی بۆچونی ھەموو ئەندامان وەردەگیرێ دەنێردرێ بۆ چاپکردنی بریارەکەو ئینجا ئیمزاکردن و بڵاوکردنەوەی، وەک بەیانیش بڵاومانکردەوە ئێستا بریارەکە لەقۆناغی چاپکردندایە."

بەتۆمەتی "کۆکردنەوەی زانیاری قەدەغەکراو، کارکردن بۆ گروپی چەکداری‌و پێدانی زانیاری بەلایەنی دەرەکی، بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی کوردستان"، رۆژی 16ی شوباتی‌ 2021 دادگای تاوانه‌كانی 2ی هه‌ولێر بڕیاریدا به‌سزای‌ شه‌ش ساڵ زیندانیكردن بۆ هه‌ریه‌ك له‌رۆژنامەنوسا‌ن‌و چالاکوانانی سنوری بادینان (شێروان شێروانی، ئه‌یاد كه‌ره‌م، گوهدار محه‌مه‌د ئه‌مین، شڤان سه‌عیدو هاریوان عیسا).

بڕیارەکەی دادگای هەولێر بەگوێرەی مادەی 21ی سزادانی عێراقی بو کە تایبەتە بەتێکدانی ئاسایشی هەرێم‌و کارکردنی بۆ لایەنی دەرەکی، بڕیارەکەش لەسەر ئاستی ناوخۆو نێودەوڵەتی ناڕەزایی لێکەوتوەتەوەو داوا له‌دادگای پێداچونەوەی هەرێم ده‌كرا كه‌ بەبڕیارەکەدا بچێتەوەو سزاکە هەڵبوەشێنێتەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×