نێچيرڤان بارزانى: پارتی دەتوانێت ده‌سپێشخه‌ر بێت بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكيى نێوان لايه‌ن سياسييه‌كان
  2021-05-05       598       

له‌چوارچێوەی سه‌ردان و كۆبوونه‌وه‌كانيدا له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كان، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان‌و جێگرانى سه‌رۆك سه‌ردانى مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستانيان كرد، نێچیرڤان رایگەیاند "پارتی دەتوانێت ده‌سپێشخه‌ر بێت بۆ نه‌هێشتنى ناكۆكيى نێوان لايه‌ن سياسييه‌كان".

 

ئاوێنە: ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2021/5/5، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، سه‌ردانى مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستاني كرد و له‌لايه‌ن فازل ميرانى سكرتێر و ئه‌ندامانى مه‌كته‌بى سياسيى پارتى ديموكراتى كوردستانه‌وه‌ پێشوازيي لێكرا.

بەپێی راگەیاندراوێک کە لەلایەن سەرۆکایەتی هەرێم بلاوکراوەتەوە "له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا پرۆسه‌ى سياسى و دۆخى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى، ڕۆڵى پارتى له‌ كاركردن بۆ كه‌مكردنه‌وه و نه‌هێشتنى ناكۆكيى نێوان لايه‌ن سياسييه‌كان و هه‌نگاونان به‌ره‌و پته‌وكردنى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوانيان، دروستكردنى ميكانيزم و چوارچێوه‌يه‌كى نيشتمانى بۆ كۆكردنه‌وه‌ى لايه‌نه‌كان به‌ هه‌موو بيروبۆچوونه‌ جياوازه‌كانه‌وه‌ تا پێكه‌وه‌ به‌ره‌وڕووى ته‌حه‌دييه‌كانى ئێستا و داهاتوو ببنه‌وه‌، ئاماده‌كردنى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق و چه‌ند پرسێكى ديكه‌، تاوتوێ كران. سەرۆک نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ ڕۆڵى پارتى و پێگه‌ى گرنگ و به‌رپرسيارانه‌ى بۆ به‌ديهێنانى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى نێوان لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و ئارامى و سه‌قامگيريى سياسى له‌ هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ كه‌ ده‌توانێت له‌مباره‌يه‌وه‌ ده‌سپێشخه‌ر و كارا بێت و ڕۆڵێكى ئه‌رێنيى به‌رپرسانه‌ و نيشتمانى بگێڕێت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×