وەزارەتی شارەوانی هەرێم: سزای نەبەستنی پێوەری ئاو كەمكرایەوە
  2021-05-05       529       

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم رایگەیاند، بڕی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو بەشێوەیەكی یەكجار زۆر كەمكراوەتەوەو جیاوازی بڕی سزای نەبەستنی پێوەری ئاو لە ئێستاو پێشودا دەخاتەڕو كە بڕی سزادانی شوێنەكانی نیشتەجێبون لەدوای سێ مانگ لە 200 هەزار دینارەوە بۆ 80 هەزار دینار كەمكراوەتەوە.

ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی"دوای ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە نرخی ئاوی لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان كەمكردەوە، هاوكات بڕی سزای نەبەستنی پێوەری ئاویشی كەمكردەوە، ئەوەش بەمەبەستی هاندانی هاوبەشانی ئاوە بۆ ئەوەی پێوەر ببەستن."

ئەوەشی خستۆتەڕو"بەگوێرەی ئەو ڕێنماییە نوێیەی ئێستا پەسەند كراوە، بڕی سزادانی نەبەستنی پێوەر، بۆ بڕێكی یەكجار زۆر دابەزێندراوە كە ئەمەش راستەوخۆ لە بەرژەوەندی هاوبەشاندایە."

لەگەڵ ئەوەشدا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جەختی لە بەستنی پێوەر كردۆتەوەو داوای لە هاوبەشانی ئاو كردوە بە خێرایی پێوەرەكە ببەستن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی جیاوازی بڕی سزای نەبەستنی پێوەر لە پێشو و ئێستادا بەمشێوەیەیە:

یەكەم: لە ڕێنماییە كۆنەكەدا (پێشو) بڕی سزادانی شوێنەكانی نیشتەجێبون و پرۆژە نیشتەجێكانی وەبەرهێنان (بۆ ماوەی دوای سێ مانگ) 200 هەزار دینار بو، بەڵام لە ڕێنماییەكەی ئێستا بۆ 80 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتە هاوڵاتییان 120 هەزار دینار لێخۆشبون دەیانگرێتەوە.

دوەم: پەرستگەكان، لە رێنماییە كۆنەدا بڕی پارەی وەرگیراو (سزا) 200 هەزار دینار بو، بەڵام لەو رێماییە نوێیەدا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتە بەڕێژەی سەدا پەنجا.

سێیەم: ئەو دامودەزگە حكومییانەی كە بە هەر هۆكارێكەوە پێوەریان نەبەستوە، لە رێنماییە كۆنەكەدا دەبو بڕی 300 هەزار دینار بدەن، بەڵام ئێستا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتە 200 هەزار دینار لێخۆشبون دەیانگرێتەوە.

چوارەم: كەرتی نیمچە حكومی كە وەبەرهێنان نەبێت، لە ڕێنماییە كۆنەكە دەبو بڕی 350 هەزار دینار بدەن، بەڵام ئێستا بۆ 100 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، یانی 250 هەزار دینار كەمكراوەتەوە.

پێنجەم: كەرتی بازرگانی و پیشەسازی و گەشتیاری وەبەرهێنان لە ڕێنماییە كۆنەكە بۆ دوای سێ مانگ بڕی سزادان 400 هەزار دینار بو، بەڵام ئێستا ئەو بڕە بۆ 200 هەزار دینار كەمكراوەتەوە، واتە بەڕێژەی سەدا پەنجا لێخۆشبون كراوە.

شەشەم: شوشتنگە بە هەمو جۆرەكانی، بۆ دوای سێ مانگ، بڕی 450 هەزار دینار بو، بەڵام ئێستا بەڕەچاوكردنی دۆخە ئابورییەكە بۆ 250 هەزار دینار دابەزێندراوە. 

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×