ناوەڕۆكی كۆبونەوەكانی وەفدی باڵای ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم
  2021-05-05       908       

ئەمڕۆ چوارشەممە، وەفدێكی هاوبەسی كۆشكی سپی، وەزارەتی دەرەوەو وەزارەتی بەرگری ئەمریكا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی كوردستان كۆبونەوەو چەند پرسێكیان تاوتوێ كردو وەفدەكە رایگەیاند كە هاتنیان "جەختکردنەوەی گرنگیدانی سەرۆک و حکومەتی ئەمەریکایە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێکی گرنگیی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا."

ئاوێنە: وەفدە هاوبەشە باڵاكەی ئەمریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە، بەجیا لەگەڵ هەریەكە لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و هەروەها مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتیدا كۆبونەتەوەو بڕیاریشە لەگەڵ هاوسەرۆكانی یەكێتی كۆببنەوە.

وەفدە هاوبەشەكەی ئەمریكا پێكهاتون لە دیریک شۆلێی، گەورە راوێژکار لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، برێت مەکگۆرک رێكخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، جۆوی هود، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی نزیک، دانا سترۆڵ جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەپێی راگەیەندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكۆبونەوەی مەسرور بارزانی و وەفدە باڵاكەی ئەمریكادا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا و دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و ناوچەکە تاوتوێ کران.

لە راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێمدا هاتوە"وەفدەکە سڵاو و ڕێزی سەرۆک جۆ بایدنیان بە سەرۆکی حکومەت گەیاندو ئاماژەیان بەوەدا کە هاتنی ئەم وەفدە جەختکردنەوەی گرنگیدانی سەرۆک و حکومەتی ئەمەریکایە بە بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەرێمی کوردستان کە هاوپەیمانێکی گرنگیی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا."

هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەكەی حكومەتی هەرێم "وەفدی میوان وێڕای ستایشکردنی چاکسازییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی چاکسازییەکانی وەزارەتی پێشمەرگە، دوپاتیکردەوە کە ئەمەریکاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، بەردەوام دەبێت لە پشتگیریگردنی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆر بەتایبەتی داعش."

هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێم، سوپاسی و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک بایدن و پشتگیرییەکانی حکومەتی ئەمەریکا دەربڕی و ئامادەیی هەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە گەڵ ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا نیشاندا.

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و هەڵبژاردنەکانی داهاتوی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمەریکا و گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال، چەند تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکانی نێوان سەرۆكی حكومەت و وەفدە ئەمریكییەكە بو.

هەروەها سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا سەبارەت بە كۆبونەوەی نێوان وەفدەكەی ئەمریكا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، رایگەیاندوە، وەفدەكە دوپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌ر له‌ سه‌رۆك بايدنه‌وه‌ تا به‌رپرسانى باڵاى ديكه‌ى ئه‌مه‌ريكا، دۆستى زۆرتان له‌ واشنتۆن هه‌يه‌ و ئيداره‌ى تازه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ پشتگيرى و يارمه‌تيدانى ئێوه‌و هاوپه‌يمانه‌كانى به‌رده‌وام ده‌بێت، به‌ بايه‌خه‌وه‌ له‌ هاوبه‌شى و په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت و گرنگى به‌ پته‌وكردنى هاريكاريى درێژخايه‌نى نێوانيان ده‌دات.

بەپێی راگەیەندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێم، گفتوگۆى ستراتيژيى عێراق ـ ئه‌مه‌ريكا و گرنگيى به‌شداريى هه‌رێمى كوردستان تيايدا، يادى 30 ساڵه‌ى دامه‌زراندنى نه‌واى ئارام و ڕۆڵى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانان له‌ پاراستنى گه‌لى كوردستاندا، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، هه‌ماهه‌نگييان بۆ به‌ره‌نگابوونه‌وه‌ى داعش، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و كۆمه‌ڵێك بابه‌تى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، چه‌ند ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبونه‌وه‌كه‌ بون.

لەلایەكی دیكەوە نوسینگەی سەرۆكی پارتی، لە راگەیەندراوێكدا لەبارەی كۆبونەوەی مەسعود بارزانی لەگەڵ وەفدە هاوبەشەكەی ئەمریكادا، رایگەیاندوە"وەفدە باڵاكەی ئەمەریكا جەختی لەوە كردەوە كە ئیدارەی تازەی ئەمەریكا زۆر بە باشی ئاگاداری ڕەوش و گرفتەكانی عێراق و ناوچەكەیەو، وڵاتەكەیان پابەندی ئەو هاوبەشییە دەمێنێتەوە كە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و هاوپەیمانەكانی تری هەیەتی."

هەروەك لە كۆبونەوەكەی نێوان مەسعود بارزانی و وەفدەكەی ئەمریكادا "بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و پڕۆسەی سیاسیی عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتوی عێراق ئاڵوگۆڕكراو تەحەددیاتی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا و، سەقامگیریی عێراق و ناوچەكە تاوتوێ كران."

بەپێی راگەیەندراوەكەی نوسینگەی سەرۆكی پارتی، داعش و هەڕەشەی تیرۆر تەوەرێكی تری كۆبونەكە بو و پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆریستانی داعش، "مەسعود بارزانی ئەوەی بە وەفدی میوان ڕاگەیاند كە هەڕەشەی تیرۆر و داعش لە عێراق و ناوچەكەدا هەر ماوە، چونكە ئەو هۆكارانەی كە بونەتە هۆی دەركەوتن و بەهێزبونی داعش هێشتا چارەسەرنەكراون."

 

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×