ناوەڕۆكی كۆبونەوەی هاوسەرۆكانی یەكێتی لەگەڵ وەفدی باڵای ئەمریكا
  2021-05-05       519       

وەفدی باڵای ئەمریكا، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە هەولێر لەگەڵ هاوسەرۆكایەتی یەكێتی كۆبوەوە، وەفدەكەی ئەمریكا جەختی لە پەباندبونی وڵاتەكەیان بۆ پشتیوانیكردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان و عێراق كردەوە. 

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی هاوسەرۆكایەتی یەكێتی، ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر، پێشوازییان کرد لە وەفدێکی باڵای حکومەتی ئەمریکا کە پێکهاتبو لە دیرێک شولیت ڕاوێژکاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقا، جوی هود یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری خۆرهەڵاتی نزیک و خاتو دانا سترول جێگری یاریدەدەری وەزیری بەرگری بۆ کاروباری ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و وەفدێکی یاوەریان.

لە دیدارێکدا کە هەریەک لە د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەردار هەرکی ئەندامی سەرکردایەتی و پۆڵاد شێخ جەنگی فەرماندەی هێزەکانی دژەتیرۆر ئامادەی بون، گفتوگۆیەکی جدی و هەمەلایەنە کرا سەبارەت بە دوایین گۆڕانکارییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە لە ڕوی سیاسی و ئەمنی و ئابوری و ڕێوشوێنەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردولا.

هاوسەرۆکان جەختیان لە بەردەوامی ڕۆڵی ئەمریکا کردەوە بۆ یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان لە سەرجەم بوارەکاندا، پێزانینی خۆشیان دەربڕی بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە ئەمریکا هەیبوە لە یارمەتیدان و پشتیوانیکردنی عێراق و هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە جەنگی دژەتیرۆردا، پێویستی بەردەوامبون و ئەنجامدانی کاری ھاوبەشیان دوپاتکردەوە بە تایبەت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی چەکدارانی داعش و لەناوبردنی شانە نوستوەکانیان لە وڵاتدا.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا هاوسەرۆکانی یەکێتی ڕوانینی خۆیان لەبارەی دۆخی ئێستا و کێشە و قەیرانەکان و ڕێوشوێنەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنییەکانیان بۆ وەفدی ئەمریکا خستەڕو.

جەختیشیان لە هەڵوێستی نەگۆڕی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کردەوە بۆ یەکڕیزی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان و نەهێشتنی ناکۆکی و گرژییە سیاسییەکان و بە فاکتەرێکی گرنگیان دانا بۆ برەودان بە پڕۆسەی سیاسی بەهێزی پێگەی کورد لە بەغدا، لەو ڕوەشەوە پێکھێنانی بەرەیەکی نیشتیمانی فراوانیان بە گرنگ زانی بۆ یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی لەبارەی ئەو بابەتانەی ڕەھەندی نەتەوەیی و نیشتیمانییان ھەیە.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هاوسەرۆکان دوپاتیان کردەوە کە گرتنەبەری زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی هاوبەش و پەنابردن بۆ دەستور تاکە ڕێگەی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانە لە نێوان ‌‌حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵ بە تایبەت کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان کە ئێستا بەهۆی هەڕەشەکانی داعشەوە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە ژیانیان لە مەترسیدایە.

 سەبارەت بە ھەڵبژاردنەکانی داھاتوی عێراق، ھاوسەرۆکان تەئکیدیان کردەوە لە ئەنجامدانی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دور لە دەستتێوەردان.

وەفدەکەی ئەمریکاش جەختیان کردەوە لە سەر بەردەوامیی ئەرکەکەیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان و پابەندبونی وڵاتەکەشیان بۆ پشتیوانیکردنی ئارامی و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق و بەگژداچونەوەی تیرۆر و بەھێزکردنی ئابوری و بەردەوامی کاری پێکەوەیی لە چوارچێوەی بەردەوامی گفتوگۆکانی نێوان هەردولا لە تەواوی بوارەکاندا. 


زۆرترین بینراو
بەهۆی جلە كوردییەكانییەوە، سەرۆكی یانەی دهۆك لە ئامەد لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی توركیاوە دەستگیركرا
مەلا بەختیار: مەترسی هەرە گەورە ئەوەیە كە یەكێتی و پارتی لەناو دەوڵەتانی ئیقلیمیدا سەرەتاتكێیانە
دوای شەش مانگ لە كوژرانی، سزای لەسێدارەدان بۆ ژن و برایەكی كارمەندێكی ئاسایشی بەردەڕەش دەرچو
مووچەی مانگی نیسانی فەرمانبەران دوادەکەوێت
ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا یاسای ژینا (مەهسا)ی پەسەندکرد
رۆژهه‌ڵاتی كوردستان؛ وانەبێژێکی دیکەی زمانی کوردی 11 ساڵ زیندانی ده‌كرێت
مه‌ریوان قه‌ره‌نی‌: ناكرێ رێككه‌وتنه‌كه‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و عێراق له‌باره‌ی مووچه‌ بكرێته‌ قوربانیی به‌رژه‌وه‌ندی هه‌ندێك لایه‌ن
پلاسخارت لە "گەندەڵی لەناو فەرمانبەرەکانیدا" خۆی دەرباز دەکات؛ داوای لێکۆڵینەوە ده‌كرێت
کۆمسیۆن ژمارەی بنکەو ناوەندەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد
سێ سەربازی توركیا لە مەتینا كوژران
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×