پەرلەمانتارێكی یەكێتی: یاسای چاکسازی گەورەترین درۆی حکومەت بو
  2021-05-05       513       

شنۆ ئەشقی، پەرلەمانتاری یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لە لیژنەی دەستپاكی پەرلەمان بڕیاریانداوە بانگهێشتی وەزیرە پەیوەندیدارەكانی حكومەت بكەن بە مەبەستی گفتوگۆكردن لەبارەی "هۆكاری جێبەجێنەكردنی یاسای چاكسازی" كە ئەو پەرلەمانتارە یاساكە بە "گەورەترین درۆی حكومەت" ناودەبات.

ئاوێنە: شنۆ ئەشقی، كە ئەندامی لیژنەی دەستپاکییە لە پەرلەمانی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك ئەوەشی وتوە"ماوەی 10 مانگ زیاترە یاسای چاکسازی لەپەرلەمانی کوردستان پەسەند کراوە، بەڵام حکومەت لە دو ڕاپۆرتی سێ مانگی کە ئاڕاستەی پەرلەمانی کردوە تەنها ڕێنمایی دەرکردوەو هەنگاوە کردارییەکان لە ئاستی پێویست نەبون کە گۆڕانکاری بەسەر ڕێژەی لێبڕین بهێنێ و بە ئاڕاستەی ڕێگریکردن لە گەندەڵی و نادادی لە دام و دەزگاکانی حکومەت و جێبەجێ کردنی یاساکە."

هێمای بۆ ئەوەش كردوە "ئەمڕۆ لە کۆبونەوەی لیژنەی دەستپاکی بڕیارماندا لە داهاتویەکی نزیک بانگهێشتی وەزیرە پەیوەندارەکان بکەین بەمەبەستی  گفتوگۆکردن لە بارەی هۆکاری جێبەجێ نەکرنی یاساکە."

لەلایەكی دیكەوە بەپێی راگەیەندراوێكی پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی دەستپاكی پەرلەماندا گفتوگۆ لەبارەی دو بابەت كراوە كە یەكەمیان هەمواری یاسای دەستەی دەستپاكی بوەو بابەتی دوەمیش راپۆرتی دوەمی لیژنەی باڵای چاكسازی لەموچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینى لەھەرێمی کوردستان، بوە.

بەپێی راگەیەندراوەكەی پەرلەمان "لیژنەكە بڕیاریدا کۆبونەوەیەک لەگەڵ د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی لیژنەی باڵای چاکسازی لەھەرێمی کوردستان و د.ئه‌حمه‌د ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ڕێکبخرێت."
 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×