میدیای پەكەكە دەڵێت: لە برادۆست هێزەكانی پارتی هێرشیان كردوە
  2021-05-06       1628       

میدیایەكی نزیك لە پەكەكە، لەبارەی پێكدادانی درەنگانی شەوی رابردوی نێوان گەریلاو پێشمەرگە رایگەیاند، هێزەكانی پارتی ویستویانە لە گردی بۆڵێ لە دەڤەری برادۆست جێگیربن بەڵام لەلایەن گەریلاوە هۆشدارییان دراوەتێ، لەبەرامبەردا پێشمەرگە تەقەیان كردوەو گەریلا وەڵامی داونەتەوە.

ئاوێنە: ماڵپەڕی رۆژ نیوز، نزیك لە پەكەكە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەزاری سەرچاوەیەكی تایبەتەوە بڵاویكردۆتەوە"لە گردی بۆڵێ لە سنوری شارۆچكەی سیدەکان لە دەڤەری برادۆست، چەکدارەکانی هێزی هەڵگوردی پارتی بە چەکی قورس هێرشیان کردوەو ویستویانە لە ناوچەکە جێگیرببن، بەڵام لەلایەن گەریلاکانەوە پێیان وتراوە کە نابێت لێرە جێگیربن و هۆشدارییان دراوەتێ، لە بەرامبەردا چەکدارەکانی پارتی تەقەیان کردوە و تەنانەت ‘ئاڕ پی جی’یان بەکارهێناوە، هەربۆیە گەریلاکان تەقەیان بە ئاسماندا کردوەو چەکدارەکانی پارتی هەڵهاتون و ناوچەکەیان جێهێشتوە."

هەروەها ئەو میدیایەی نزیك لە پەكەكە لەزاری سەرچاوەكەوە وتویەتی"تەنانەت وەک میدیای پارتیش باسیان کردوە، هیچ پێشمەرگەیەک بریندار نەبوە."

پێشتر بەهرام عەریف یاسین، فەرماندەی فەرماندەیی هەڵگوردی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە میدیاكانی پارتی راگەیاند "پەکەکە لە دەڤەری برادۆست هێرشیان كردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزی پێشمەرگە بە توندی وەڵامی هێرشەكەیان دایەوە و هێرشەکەیان تێکشکاند."

بەپێی قسەی ئەو فەرماندەیە لە هێرشەكەدا پێشمەرگە هیچ زیانێكی گیانی بەر نەكەوتوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×