بەریتانیا: ئامانجمانە سەركردایەتی ریفۆرمی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە بكەین
  2021-05-06       507       

مارشاڵ سامپسۆن، گه‌وره‌ راوێژکاری به‌رگریی بەریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقا، لەمیانی كۆبونەوەیدا لەگەڵ وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، وڵاتەكەی ئامانجییەتی لەو قۆناغەدا سەركردایەتی ریفۆرمی سەربازی بكات لەنێو وەزارەتی پێشمەرگە.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پێشمەرگە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازیی کرد له‌ مارشاڵ سامیوڵ سامپسۆن، گه‌وره‌ راوێژکاری به‌رگریی بەریتانیا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و باکوری ئەفریقا و کۆڵۆنێڵ چارڵی، راوێژکاری هێزەکانی بەریتانیا لەهەرێم و وەفدێکی یاوه‌ری.

له‌ دیدارێکدا، کە هەریەک لە سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەت و فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی و فەریق جەمال محەمەد سەرۆکی دەستەی ئەرکان و راوێژکارانی باڵای وەزارەت ئامادەیبون، گفتوگۆ کرا، لەبارەی دوایین پێشهات و جموجۆڵ و  مه‌ترسييه‌كانی داعش لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.

وەزیری پێشمەرگە، هۆشداریدا لە کردە تیرۆریستیەکانی داعش، کە لە ئێستادا بەتەواوی خەریکی خۆرێکخستنەوەن لە رێگەی تەکتیکی تازەوە، وتیشی: بەهێزبونەوەی داعش، مەترسیە بۆ سەر ئاشتی و ئارامی جیهان، وەک چۆن پێشمەرگە لەرابردودا شەڕی تیرۆریستانی لەبری جیهان کرد، لەئێستاشدا بۆ رێگری لەو مەترسییە پێویستیمان بەهاوکاری ئێوەو هاوپەیمانان هەیە.

لەبەشێکی تری کۆبونەوەکەدا، پرسی پەیوەندییەکانی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق گفتوگۆی لەبارەوەکرا، لەم بارەیەوە جەختکرایەوە لەسەر  هەماهەنگی کاری هاوبەش لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپاى عێراق، بە پشتیوانیی هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان.

هەروەها وەزیری پێشمەرگە، لەسەر هاوکارییەکانی سوپای بەریتانیا، سوپاسی گەل و حکومەتی بەریتانیای کرد، کە بەردەوام هاوکارێکی گرنگ و کاریگەر بون.

مارشاڵ سامپسۆنیش لای خۆیەوە، وەزیری پێشمەرگەی دڵنیاکردەوە، کە بەریتانیا لەهاوکاری و یارمەتییەکانی بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و ئامانجیانە لەم قۆناغەدا سەرکردایەتی رێفۆرمی سەربازی بکەن لەوەزارەتی پێشمەرگەدا.

لەکۆتایی دیدارەکەدا، راوێژکارانی باڵای سەربازی بەریتانیا و تیمی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، هاوڕابون لەسەر هەماهەنگی و کاری پێکەوەیی بۆ لەناوبردن و تێکشکاندنی تەواوەتی تیرۆریستانی داعش.

زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
بافڵ تاڵەبانی: هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەوادەی خۆیدا دەكرێت
ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د: هیچ هێزێكى ئۆپۆزسیۆنى ئێرانى‌و توركى لاى ئێمه‌ تیرۆریست نین
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
مەسعود بارزانی: ناكرێ لەو وادەیەی دیاریكراوە "هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد" بەڕێوەبچێت
وتەبێژی وەزارەتی دارایی: دەستمان بە رێککارەکانی پلەبەرزکردنەوە کردوە
وەزیری نەوتی عێراق: داوامان لە حكومەتی هەرێم كردوە نەوت رادەستی سۆمۆ بكەن بۆ هەناردەكردنی
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×