پارێزەرانی دۆسیەی سزادراوانی بادینان: هەوڵی راستكردنەوەی بڕیاری تەمیز دەدەین
  2021-05-06       392       

سەرۆکی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان رایگەیاند، لە داهاتودا رێگایەکیان لەبەردەمدا ماوەو تانە لە بڕیارەکەی دادگا دەدەن، چونکە بڕیارەکەی دادگا "هەڵەی جەوهەریی" تێدایە.

ئاوێنە: بەشدار حەسەن، سەرۆکی تیمی پارێزەری سزادراوانی بادینان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە کۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، یەکێک لە تۆمەتەکانی سزادراوانی بادینان سەردانیکردنی کونسوڵگەری ئەڵمانیا و ئەمریکایە، ئەمەش تاوان نییە.

بەشدار حەسەن وتی، هەوڵی راستکردنەوەی بڕیارەکەی دادگای پێداچونەوە دەدەن لە داهاتودا، بەڵام سەرۆکی هەرێم دەتوانێت بە لێبوردنی گشتی ئەو سزارداوانە ئازاد بکات.

وتیشی"تاکە رێگەیەک کە مابێت پەناى بۆ ببەین، راستکردنەوەى بڕیارى تەمیزە کە لەماوەى سێ رۆژدا دەبێت و دەکرێت لەلایەن داواکارى گشتى، خودى سزادراوان و پارێزەرانەوە داواى پێداچونەوە بکرێت، ئەوەش رێوشوێنێکى یاساییە."

بەشدار حەسەن وتیشی بۆ ئەو هەنگاوەیان پشت بەدو "هەڵەی جەوهەریی" کەیسەکە دەبەستن، یەکەم ناکرێت لەهۆڵى دادگا ئاسایش خۆى حەکەم و لایەنێکى دۆسیەکەش بێت، دوەم لەکاتى ئیفادە وەرگرتن سزادراوەکان پارێزەریان لەگەڵ نەبوە و لەژێر هەڕەشەدا دانپێدانیان پێ ئیمزاكراوە.

باسى لەوەشکرد، ئەگەر ئەو رێگەیەش سودى نەبو، سەرۆکى هەرێم دەتوانێت لێبوردنى تایبەت بۆ سزادراوان دەربکات. 

ئەوەشی خستەڕو: "لە کۆی پێنج ئەندامی دادگای پێداچونەوە دو ئەندام رازی نەبون بە بڕیاری سەپاندنی سزا بەسەر گیراوانی بادینان، چۆن قەناعەت بە راى گشتى و کەسوکارى سزاداراوان دەکرێت لەو بارەیەوە."

ئەوەش لەکاتێکدایە، سەرۆكایەتی دادگای پێداچونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیارەكەی دادگای تاوانەکانی هەولێری بە سزای شەش ساڵ زیندانيكردن بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان پەسەندكرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×