هەپەگە رەتیدەكاتەوە هێزەكانیان لە سیدەكان هێرشیان كردبێتە سەر پێشمەرگە
  2021-05-06       545       

هەپەگە رەتیدەكاتەوە لە سیدەكان گەریلا هێرشی كردبێتە سەر پێشمەرگەو دەشڵێت، چاوەڕوانین پێشمەرگە، ئەگەر پشتیوانیمان نەكەن، ئاستەنگیشمان بۆ دروست نەكەن لەبەرەكانی جەنگ.

ئاوێنە: ناوەندی راگەیاندنی هێزەكانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە راگەیەندراوێكدا وتی"رۆژی 4ی ئایار هێزەكانی پاسەوانی سنور كە لە پێشمەرگەو هێزەكانی بەناوی عێراقەوە پێكدێن، لە چەند خاڵێكی هەرێمی مەتیا جیگیر بون، ئێمە هەوڵمان دا لە دۆخی ئەو هێزانە تێبگەین و هیچ ئاستەنگێکمان بۆ دروست نەکردن، بەڵام ئێمە بە نیگەرانییەوە لە ئامانجەکانی ئەوان دەڕوانین و چاودێرییان دەکەین."

وتوشیەتی"بەپێی هەندیک میدیا، هێزەکانی ئێمە لە سیدەکان، هێرشیان كردۆتە سەر هێزی پێشمەرگەی پارتی، بەڵام ئێمە ڕایدەگەیەنین کە هیچ هێرشێک لەلایەن ئێمەوە بۆ سەر خاڵەکانی پیشمەرگە، نەکراوە."

هەپەگە ئەوەشی خستۆتەڕو"ئێمە وەک گەریلاکانی ئازادیی کوردستان لە دژی دەوڵەتی داگیرکەری تورک کە دەخوازێت کوردستان داگیر بکات، بەرخۆدانێکی مێژویی دەکەین. ئەمە بەرخۆدانێکی نەتەوەیی و پیرۆزە ‌و چاوەڕوانیشین کە هێزی پیشمەرگە، بەشداریی ئەم بەرخۆدانە میژویی و پیرۆزە ببن و پشتگیریی ئێمە بکەن ‌و ئەگەریش پشتگیریی ناکەن، دەبێت نەکەونە ناو دۆخیک کە لە شەڕدا ئاستەنگ بۆ گەریلا دروست بکەن. لەم بوارەوە ئێمە داواکارین کە هەرکەس هەڵویستی نەتەوەیی نیشان بدات”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×