سی پی جەی: حكومەتی هەرێم دەریخست بانگەشەكانی لەبارەی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە قسەی پوچن
  2021-05-06       955       

كۆمیتەی بەرگری لە رۆژنامەنوسان ناسراو بە سی پی جەی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، بە بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە بۆ پەسەندكردنی سزادانی رۆژنامەنوسانی بادینان، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەریخست كە بانگەشەكانی بۆ پابەندبون بە ئازادی رۆژنامەگەرییەوە "قسەی پوچن."

ئاوێنە: سی پی جەی لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند"بە بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە لە هەولێر بۆ پەسەندكردنی سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە رۆژنامەنوسان شێروان ئەمین شێروانی و گوهدار زێباری، حكومەتی هەرێمی كوردستان دەریخست بانگەشەكانی بۆ پابەندبون بە ئازادی رۆژنامەگەرییەوە هیچ نین جگە لە قسەی پوچ."

ئەو رێكخراوە داوای لە دەسەڵاتدارانی هەرێم كردوە دەستبەجێ ئەو دو رۆژنامەنوسە ئازاد بكەن و ئەو تۆمەتانەش هەڵبوەشێنینەوە كە روبەڕویان كردونەتەوەو هەروەها گوشارخستنە سەر میداكارانیش رابگرن.

سی پی جەی ئاماژەی بەوەداوە كە دادگای پێداچونەوە رۆژی 28ی نیسان لە بڕیارێكدا كە ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە، بڕیاری دادگای تاوانەكانی هەولێری پەسەندكردوەو هەروەها جەختی لەو بانگەشانە كردۆتەوە كە شێروان شێروانی و گوهداری زێباری پارەیان لە كونسوڵخانەكانی ئەمریكاو ئەڵمانیا لە هەولێر وەرگرتوەو پلانیان هەبوە بۆ تێكدانی ئاسایشی هەرێمی كوردستان.

سی پی جەی ئاماژەی بەوەشداوە كە بڵاوبونەوەی بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە سێ رۆژ دوای ئەوە دێت كە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبەیاننامەیەكدا بەبۆنەی رۆژی جیهانی ئازادی رۆژنامەگەرییەوە، بەڵێنی "پشتیوانی تەواو"ی بۆ ئازادی رۆژنامەگەریی دابو.

پێشتریش سی پی جەی رەخنەی لە شێوازی دادگاییكردنی ئەو رۆژنامەنوسانەی بادینان گرتبو كە لە 16ی شوباتی ئەمساڵ لە دادگای تاوانەكانی هەولێر بەڕێوەچو و تێیدا سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر ئەو دو رۆژنامەنوسەو هەروەها سێ چالاكوانی دیكەی بادیناندا سەپێنرا، كە دادگای پێداچونەوە لە بڕیارەكەیدا كە ئەمڕۆ بڵاوكرایەوە، سزاكانی ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەی بادینانی بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرد.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×