كونسوڵخانەی ئەڵمانیا: بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای پێداچونەوە بێمانایە
  2021-05-06       775       

كونسوڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگای پێداچونەوە لەدژی پێنج رۆژنامەوان و چالاكوانی بادینان بە "بێمانا" ناودەبات و داوا لە سەرۆكی هەرێم دەكات دەسەڵاتی خۆی بەكاربهێنێت بۆ بڕیاری لێخۆشبون و جەختیش دەكاتەوە كە گۆڕینەوەی ئازادانەی بیروڕا لەگەڵ رۆژنامەوانان و چالاكوانان بەشێكە لە كاری رۆژانەی دیپلۆماتكاران.

ئاوێنە: ئاوێنە: كونسوڵخانەی ئەڵمانیا، كەمێك لەمەوبەر لە زنجیرەیەك تویتدا رایگەیاند"کونسوڵگەریی گشتیی کۆماری ئەڵمانیای فیدراڵ لە هەولێر بە نیگەرانییەوە لە بڕیاری دادگای تەمییز لە دژی پێنج رۆژنامەوان و چالاکوانەکە دەڕوانێت. تێگەیشتن لە بڕیارەکەی دادگا ئاسان نییە، بەبێ لەبەردەستدابونی بەڵگەیەکی رون بۆ تاوانکارییەك مایەی سزادان بێت."

كونسوڵخانەكە وتوشیەتی"ئێمە داوا لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەکەین دەسەڵاتی خۆی بەکاربهێنێت، بۆ دەرکردنی بڕیاری  لێخۆشبون."

جەختیشی كردۆتەوە كە "گۆڕینەوەی ئازادانەی بیروڕا لەگەڵ رۆژنامەوانان و چالاکوانان بەشێکە لە کاری رۆژانەی دیپلۆماتکاران و هەروەها کاری رۆژانەی کونسوڵگەریی گشتییش."

هەروەها وتوشیەتی"بڕیارەکەی ئەمڕۆی دادگا بێمانایە و پێچەوانەی ئەو گیانی پەیوەندییە دۆستانەو نزیکەی نێوان ئەڵمانیاو هەرێمی کوردستانی عێراقە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×