كونسوڵخانەی ئەمریكا: چاوەڕوانیمان لە حكومەتە خانەخوێكان ئەوەیە رێز لەكاری دیپلۆماتكارەكانمان بگرن
  2021-05-06       1043       

كونسوڵخانەی ئەمریكا لە هەولێر لەبارەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی سزادراوانی بادینان كراون و لەلایەن دادگای پێداچونەوەوە پەسەندكران، رایگەیاند، چاوەڕوانیمان لە حکومەتە خانەخوێکان لەسەرانسەری دنیا ئەوەیە کە ڕێز لەکاری دیپلۆماتە ئەمەریکییەکان بگرن.

ئاوێنە: سەبارەت بەوەی كە لە بڕیاری دادگای دادگادا بۆ سزادانی پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان، ناوی كونسوڵخانەكەیان هاتوە بەوەی كە ئەو سزادراوانە پەیوەندییان پێیانەوە هەبوەو پارەیان لێوەرگرتون، كونسوڵخانەی ئەمریكا، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە رونكردنەوەیەكدا وتویەتی"لەگەڵ ئەوەی کە ئێمە قسەر لەسەر تاکە کەیسی دادگاکان ناکەین، بەڵام ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا لەساتی دامەزراندنیەوە پشتیوانی لە ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن کردوە . ئازادی ڕادەربڕین و ڕاگەیاندن بەشێکە لە شوناسمان و بەردەوام دەبین لە داکۆکیکردن لێی وەک یەکێک لە بەها سەرەکیەکانمان. هەروەها بەردەوام دەبین لە جەختکردنەوە لە گرنگی ڕێوشوێنی یاسایی و سەروەری یاسا، بەدەستڕا گەیشتن بە پارێزەریشەوە."

وتوشیەتی"چاوەڕوانیمان لە حکومەتە خانەخوێکان لەسەرانسەری دنیا ئەوەیە کە ڕێز لەکاری دیبلۆماتە ئەمەریکیەکان بگرن، کە بەهەمان شێوەی ڕۆژنامەنوسان لەگەڵ خەڵکی جۆراو جۆر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانن کارەکانیان بکەن. ئێمەش بەهەمان شێوەی ئەو ڕێزەی چاوەڕێی دەکەین هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو دیبلۆماتانە بیانیانە  دەکەین کە لە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا کاردەکەن، بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشەوە. "


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×