گۆڕان: بڕیارەكەی دادگای پێداچونەوە پێشینەیەكی مەترسیدارە
  2021-05-07       292       

بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاند، بڕیاری پەسەندكردنی دادگای پێداچونەوە بۆ پێنج دەستگیرکراوەکەی بادینان و حوکمدانیان بە شەش ساڵ زیندانی پێشینەیەکی مەترسیدارە.

ئاوێنە: دلێر عەبدولخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە"بەڵگەکانی ئەم کەیسە و گیراوەکانی دیکە نەسەلمێنراون و لاوازن."

هەروەها ئاماژەی بەوەداوە كە "دیپلۆماتکاران کارێکی سەرەکیان دیدارە لەگەڵ رۆژنامەنوس و چالاکوانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی. تێوەگلاندنیان لەم کەیسە نیشانەی نەبونی بەڵگە و پێشینیەکی مەترسیدارە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان."

وتوشیەتی"بەهۆی ئەم کەیسە هەمو نوێنەرایەتیەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و دەوڵەتانی دیکە روبەڕوی گۆشەگیری ئەبنەوە."

دەقی راگەیەندراوەكە...

بڕیاری پەسەندكردنی دادگای پێداچونەوە بۆ پێنج دەستگیرکراوەکەی بادینان و حوکمدانیان بە شەش ساڵ زیندانی پێشینەیەکی مەترسیدارە.

‎بزوتنەوەی گۆڕان، وەک پێشتر ھەڵوێستی فەرمی، لەرێی پشتیوانی فراکسیۆنی پەرلەمانی کوردستان و ژوری  قانونی رون و رەوان بوە، بە ئامانجی پارێزگاری لە ناو و پێگەی ھەرێمی کوردستان و متمانەی ھاوڵاتیان بە دادگاکان. نابێت یاسا ببێتە ئامرازی سەرکوتی ئازادییە سیاسی و شارستانیەکان. روئیای نەگۆڕی بزوتنەوەی گۆڕان ئەوەیە:-

یەکەم: ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی پایەیەکی دیموکراسیە کە قابیلی زەوتکردن نییە.

دوەم: بەڵگەکانی ئەم کەیسە و گیراوەکانی دیکە نەسەلمێنراون و لاوازن.

سێیەم: دیپلۆماتکاران کارێکی سەرەکیان دیدارە لەگەڵ رۆژنامەنوس و چالاکوانانی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی شارستانی. تێوەگلاندیان لەم کەیسە نیشانەی نەبونی بەڵگە و پێشینیەکی مەترسیدارە بۆ پێگەی هەرێمی کوردستان.

چوارەم: بەهۆی ئەم کەیسە هەمو نوێنەرایەتیەکانی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا و ئەڵمانیا و دەوڵەتانی دیکە روبەڕوی گۆشەگیری ئەبنەوە.

‎بۆ رێگری لە زیانی گەورە لە هەرێمی کوردستان بە فەرمی جەخت لە گرنگی خواستی بەڕێز رێکخەری گشتی لە کۆبونەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ھەرێم بۆ بەکارهێنانی دەسەڵاتی قانونی و چڕکردنەوەی ھەوڵەکانیان بە ئاراستەی رێزگرتن لە مافی ئازادی رادەربڕین و دەستەبەرکردنی عەدالەت لە کەیسی رۆژنامەنوس و چالاکوانانی بادینان دەکەینەوە.

دلێر عەبدولخالق
وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×