"پەسەندکردنی حوکمی سزادراوانی بادینان لەڕوی یاسایەوە گرفتی ھەیە"
  2021-05-07       610       
به‌وته‌ی‌ په‌رله‌مانتارێك‌و دادوه‌رێك، به‌هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ یەکێک لەو دادوەرەی سزای شەش ساڵی دەستگیکرکراوەکانی بادینانی پەسەندکردوە بەنایاسایی تەمەنی کارکردنی درێژکراوەتەوە، پەسەندکردنی حوکمی سزادراوانی بادینان لەڕوی یاسایەوە گرفتی ھەیە.

ئاوێنه‌: عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح، ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان ده‌ڵێت، یەکێک لەو دادوەرەی سزای شەش ساڵی دەستگیکرکراوەکانی بادینانی پەسەندکردوە، دەبوو خانەنشین بێت و بەنایاسایی تەمەنی کارکردنی درێژکراوەتەوە.

ناوبراو رونیده‌كاته‌وه‌ كه‌ دادوەر عەبدوڵا عەلی شەرەفانی، جێگری سەرۆکی دادگای پێداچونەوەو یەکێک لەو دادورانەی سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی دەستگیکراوانی بادینانی پەسەندکرد، ساڵی ٢٠٢٠ تەمەنی ٦٥ ساڵی تێپەڕاند، بەیاسا دەبوو خانەنشین ببێت.. بەڵام بەشێوەی نایاسایی تەمەنی کاری دادوەری بۆ درێژکرایەوە.. لە ٢٠٢٠/٦/١١ سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری، لەسەر داوای دادوەر عەبدوڵا عەلی شەرەفانی، خزمەتەکەی وەک دادوەر درێژکردوەتەوە  تاوەکو ٢٠٢١/٧/٢١ . 

هاوكات حاكم شێخ له‌تیف، پسپۆری‌ یاسایی له‌ڕونكردنه‌وه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، "بەرێز سەرۆکی دەستەکە یەکێکە لەو پێنج دادوەرەی خزمەتیان تەواو بوەو دەبوایە خانەنشین بکرێت، بەڵام  ساڵی  پار بەبڕیارێکی ئەنجومەنی دادوەری بەبێ پاڵپشتی یاسایی خزمەتەکەی  بۆماوەی ساڵێک بۆ درێژ کرایەوە واتە تا مانگی حەوتی داھاتوو."

له‌ڕونكردنه‌وه‌كه‌دا هاتووه‌، "دیارە ئێمە ساڵی پاردوای ئەوەی بابەتەکەمان وروژاند سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی دەستەی دەستپاکی و وەزیری دارایش ھاتنە سەرخەت بەلام ھیچیان پێ نەکراو درێژکردنەوە نایاساییەکە تا ئێستا بەردەوامەوەو لەوە دەچێ جارێکی تریش بۆ ئەوانیش و ھی تریش درێژ بکرێتەوە."

ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ "دیارە کە ئەو بەرێزە بەنایاسایی ماوەی بۆ درێژکراوەتەوە واتە ئەو دادوەر نیە بەگوێرەی یاسا و لێرەشەوە دەشێ بەرپرسیارێتی سزایی و مەدەنیشی بکەوێتە ئەستۆ ئەگەر لەداھاتو سزادراوان بیانەوێ سکالای لێ بکەن، چونکە تەنیا دادوەرێک کە بەیاسایی لەپۆستەکەیدا بێت پارێزبەندی یاسایی ھەیە دژی بەرپرسیارێتی مەدەنی و سزایی سەبارەت بەو بڕیارو حوکمانەی دەریان دەکات یان بەشدارە تیایاندا."

عه‌لی‌ حه‌مه‌ ساڵح ئه‌وه‌شی‌ خستۆته‌ڕ كه‌ به‌دواداچونی‌ بۆ ئه‌و كه‌یسه‌ كردوه‌و نوسیویه‌تی‌:

بەدواداچونەکانمان:

یەک: ئەم فەرمانە نایاسایە، لەگەڵ دەرچونیدا پەیوەندیم بەوەزیری دارایییەوە کردو داوام لێکرد موچەی ئەم دادوەرانە ڕابگرێت، وتی: ھەوڵی خۆم دەدەم، بەڵام دواتر بەردەوام بوو !!! 
وەزیری دارای پێیڕاگەیاندم:  تاوەکو ئێستا سێ جار دژی بووین و ڕاشدەگەیەنین.. 

دوو: 
لە ٢٠٢٠/٧/٧  دەستەی نەزاھەی کوردستان نوسراوی کردوە بۆ ئەنجومەنی دادوەری و تێدا ھاتوە: چەند فەرمانێکتان دەرکردوە بۆ درێکردنەوەی خزمەتی چەند دادوەرێک، ئەم بڕیارە ھیچ پاڵپشتیەکی یاسایی نیە لە ھەرێمی کوردستان چونکە یاسای درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەران کە لە فەرمانەکانتاندا ئاماژەتان پێداوە، لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند نەکراوە. 
دەستەی نەزاھە داوای ھەڵوەشاندنەوەی درێژکردنەوەی خزمەتی ئەو چەند دادوەرەی کردوە.. 

سێ:
بەپێ نوسراوێکی دیکەی سەرۆکی پەرلەمان بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم، لە دوو پەڕەداو بەچەندین خاڵ ڕونکراوەتەوە کە ئەم درێژکردنەوەی خزمەتی دادوەریە کارێکی نایاسایە.. کە لە مانگی ٧ی ٢٠٢٠ دا نوسراوە، سەرۆکی پەرلەمان نوسیویەتی: بەڕێزتان و ئەنجومەنی دادوەری لەم یاسا شکێنی و بەھەند وەرنەگرتنی سیستمی فیدڕاڵی و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و دەسەڵاتە تەشریعیەکانی ئاگادار دەکەینەوە..

ھەرچەندە ئێمە ھەمو ڕێککارێکی یاساییمان گرتە بەر، بەیاسا سەلمێندرا ئەم کارە نایاسایە، بەڵام دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن لەسەر یاسا شکێنی بەردەوام بوون. 

ئەنجام: 
ئەم دادوەرە دەبوو لە ٢٠٢٠/٧/١ خانەشین ببێت، بەڵام بەنایاسایی بەردەوام بوە لە کارەکەی.. کەواتە: پەسەندکردنی حوکمی سزادراوانی بادینانیش لەڕووی یاسایەوە گرفتی ھەیە، ئەم دادوەرە بۆی نیە بە یاسا لە کارکردندا بێت..
عەلی حەمە ساڵح
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×